زایەڵە - ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی رایدەگەیەنێت، بایكۆت ناشكێنن و دەرگای خوێندنگاكان ناكەنەوە.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دوای لێدوانی ئەمڕۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دووپاتیدەکەنەوە کە بەردەوامن لە بایکۆت و دەشڵێت، “لەنزیکترین کاتدا هەنگاوی کردەیی دەنێین بۆ ئەنجامدانی چالاکیی مەدەنی لە هەموو ئاستەکان”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بێبەرین لەهەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و دووپاتیدەکەنەوە، بەردەوامن لە بایکۆت و تا داواکارییەکانی ناو دوا یاداشتیان کە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە و خۆی لە پێنج خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە، جێبەجێ نەکرێن، بەهیچ شێوەیەک بایکۆت ناشکێنن و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ناکەنەوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو، “لە نزیکترین کاتدا هەنگاوی کردەیی دەنێین بۆ ئەنجامدانی چالاکیی مەدەنی لە هەموو ئاستەکان و درێژە بە ناڕەزایەتیەکانمان دەدەین و میکانیزمی جۆراوجۆر و جیاوازی مەدەنی دەگرینەبەر لەپێناو گەشتن بە ئامانجەکانمان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان”.