زایەڵە - وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و "هاوپەیمانی"ـیشی لەگەڵ یەکێتی دروستکردووە.
بەپێی ڕآپۆرتی کەناڵی ڕووداو، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ میدیاکاراندا رۆژی چوارشەممە 3-1-2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە چەند تەوەرێکی تایبەت بە تورکیا و ناوچەکە کرد. گرنگترین ئەو مژارانەی هاکان فیدان هەڵوەستەی لەسەر کردن؛ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، چالاکییەکانی پەکەکە، هەڵبژاردنی کەرکووک، هاوئاهەنگیی ئەنقەرە و هەولێر بوون.
هاکان فیدان: لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ هەولێردا هەیە
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە دژی گەریلا و شەڕڤانان کرد و گوتی "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ هەولێر هەیە، بەتایبەتی لە بابەتی پەکەکە. لە بابەتی هاوئاهەنگیدا رۆژ لەدوای رۆژ دەگەینە خاڵی باشتر. لە گوتنی ئەمەدا کێشەیەک نابینم. هەروەک دەزانن پەکەکە هاوکات حکومەتی هەولێریش دەکاتە ئامانج".
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، پەکەکە و یەكێتی پەیوەندییان هەیە و گوتی "ئێستا پەکەکە لە سلێمانی هاوپەیمانییەکی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان دژی ئەو هاوپەیمانییەی یەکێتی و پەکەکەیە. سلێمانی و پەکەکە دژی حکومەتی هەولێرن. لێرەدا کێشەیەکی گەورە هەیە."
هاکان فیدان: بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لەوێین
هەر سەبارەت بە مانەوە و چالاکییەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان گوتی "پەکەکە لە تورکیادا یەک مەتر دووجا زەویش کۆنترۆڵ ناکات. کەچی ئێستا پانتاییەکی گەورەی خاکی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ. ئەوەتا ئێستا شنگال و مەخموور دابەشدەکەن. پەکەکە لە مەخموور، سلێمانی، زاخۆ، قەندیل و ئەو ناوچانەیە. واتا پانتایی و گوندەکان کۆنترۆڵ دەکات. دەڵێم ئەمە بۆ ئێمە هەڕەشە نییە، بەڵام بۆ ئێوە و سەروەریی ئێوە هەڕەشەیە."
هاکان فیدان هەروەها پەکەکە بە رێکخراوێکی چەکداری بێ کۆنترۆڵ وەسفدەکات و لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت "پێمان گوتوون، ئەگەر دەتانەوێت ئێوە چارەسەری بکەن، ئەگەریش دەتانەوێت با بەیەکەوە چارەسەری بکەین، واتا لێگەڕێن ئێمە بەردەوامدەبین لە جەنگ. راستییەکەی ئێوە داوابکەن یان نەکەن، هەڵوێستی ئێمە لەم بابەتەدا روونە. تاکە هۆکاری بوونی ئێمە لەوێدا بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەیە. ئەگەر ئێوە خاوەنداریی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە بکەن، ئەوکات ئێمەش هیچ هۆکارێکمان نابێت بۆ نیشاندانی نیگەرانییەکان."
هاکان فیدان: دیدارەکانی تایبەت بە سووریا بەردەوامن
دۆخی سووریا مژارێکی دیکەی قسەکانی هاکان فیدان بوو کە باسی لە هەوڵەکانی دانوستاندن و کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی کرد و گوتی "بابەتی دیدار و وتوێژ بە هەموو رەهەندەکانیەوە لە رۆژەڤدایە، جا چ راستەوخۆ بێت، چ لە رێگەی دیکە. ئەمە لە ئاستە جیاوازەکانیشدا هەیە، بەڵام پێشینەی ئەو دیدارانە ئێستا تەنیا ئەوەیە کە بوار بە پێکدادانێکی دیکەی رژێم و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەدرێت. هەمووان پارێزگاری لە پێگەی خۆیان دەکەن. راستتر بڵێم؛ لە دانوستاندنەکانی ئەستانا وێنەیەکی کێشراومان هەیە و گرنگە بپارێزرێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا: درێژەدان بە سیستمی نۆرەی لایەنەکانی کەرکووک بۆ دانانی پارێزگار گرنگە
یەکێک لەو بابەتانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لێوە کرد، کەرکووک بوو. بەتایبەتی کە رۆژی سێشەممە 2-1-2024 لەگەڵ حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کۆببووەوە. فیدان لەمبارەیەوە رایگەیاند لەگەڵ توران بە تێروتەسەلی کۆبوونەتەوە و گوتی "سەبارەت بە قۆناخی دوای هەڵبژاردن، بێگومان لەو هەڵبژاردنەدا چەند ساختەکاری کراوە یان نەکراوە، ئێستا ئەمە لەنێوان خۆیاندا بابەتێکە مشتومڕی لەسەرە."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا کە 18ـی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، کورد لە کەرکووک حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، بەرەی تورکمانی یەک کورسی بەدەستهێنا.
لە دوای 2003ـوە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە دەست کوردەوە بووە، لەدوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو پۆستە درایە عەرەب، تورکمانەکانیش دەڵێن ئێستا کاتیەتی کە تورکمان ئەو پۆستە وەربگرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکەوە گوتی "راستییەکەی دەبینین پێشهاتەکانی KYB (یەکێتی) بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەڕۆنە پێشەوە. ویستی ئێمە ئەوەیە درێژە بە رێساکەی پێشوو بدرێت. واتا درێژەدان بە سیستمی دانانی پارێزگار بە نۆرەی لایەنەکانی ئەو شارە گرنگە. ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکی وەها دروستنەبێت کە هاوبەشیی پەکەکە و یەکێتی لە ناوچەکەدا هەژموون دروستبکات."