زایەڵە - ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت: چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خراوەتەروو و دەشڵێت، تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە ناردنی قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامدەبێت.

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە زایەڵەی  راگەیاند:  دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەردەوامە و ناكرێت كێشەی مووچە لە 2014ەوە لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەم شێوەیە بەردەوامبێت و لە ئێستاشدا دۆسیەی نەوتی هەرێم حكومەتی عێراق لێی بەرپرسە.

وتیشی:  پێویستە سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دواتر هەمواری یاسای بودجە بكرێت كە ئەوەش لەلایەن لیژنەی داراییەوە تاوتوێدەكرێت و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە و تا ئەو كاتەی یاسای بودجەش هەمواردەكرێتەوە ناردنی قەرز بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامدەبێت.

ئاشكراشیكرد: چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەری كێشەی مووچەخراوەتەڕوو كە یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە كە مووچە لە پرسەكانی دیكە جیابكرێتەوە یاخود بخرێتە سەر بودجەی حاكیمە و هەموو هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەن كە كێشەی مووچە چارەسەربكرێت.

کامەران کەریم