زایەڵە - سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی كرد كە بارەگایەكی ئەمنی لە بەغداد كردە ئامانج و شەهید و برینداری لێكەوتەوە، بە پێشێلكاری و دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراقی دادەنێت.
رەشید لە تویتێكدا دەڵێت: ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە دەكەین كە بارەگایەكی ئەمنیی بەغدای كردە ئامانج، و لە ئەنجامدا شەهید و برینداری لێكەوتەوە، بەو پێیەی ئەمە بە پێشێلكاری و دەستدریژی بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق دادەنرێت. هەروەها ئیدانەی هێرشەكانی ئەم دواییە دەكەین كە شاری هەولێر و فڕۆكەخانەكەی كردە ئامانج، و پێش ئەوەش شاری سلێمانی و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هێرشە دووبارەبووانە نوێنەرایەتی تاودانێكی مەترسیدار دەكەن كە ئاسایش و سەقامگیری وڵات تێكدەدەن، و وتیشی: داوا لە هەموو لایەك دەكەین كە ئەولەویەت بدەنە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و ڕێگە نەدەن وڵات، لە هەر بارودۆخێكدا، ببێتە گۆڕەپانی ململانێكان.