زایەڵە - ئەمڕۆ دووشەممە جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی بەڕێزان نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محمد بەڕێوەبەری گشتی دیوان و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی 2023ی ڕاگەیاند.
بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی زیادی کردووە وبه ههزاران مین و تەقەمەنیش لە ناوبراون، هەروەها ژمارەی شەهید زیاتر و کەم ئەندامبووانیش بهراورد به ساڵی پێشتر کەمتربووه.
جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەوساڵەدا بەهەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی مینلابهری دەزگای مین و ڕێكخراوه نێودهوڵهتیهكان توانراوە (2,803,326)م٢ دووملیۆن و ههشت سهد و سێ ههزار و سێ سهد و بیست و شهش مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە لە چاو ساڵی پێش خۆی رووبهری پاككراو زیاد كراوه، کە خۆی لە (33) کێڵگە مین و(11) شەڕگە دەبینێتەوە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان بهکاربهێندرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە.
ناوبراو باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە کرد، کە لەڕێگەی تیمەکانی مینلابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لە ناوبراون، کە ژمارەیان بریتی بووە لە (3,849)مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە (6,284) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو لە خۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنییەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی ههزاران هاوڵاتی و گیانلەبەران و ژینگەکەكهمان.
سەرۆکی دەزگای گشتی كاروباری مین دڵگرانی خۆی بە ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵی 2023 بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند" لەوساڵەدا (23) بەرکەوتوو بە ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە (10) کەس گیانیان لەدەستداوە و (13)تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە"
لەكۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ژمارەی سودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ڕاگەیاند کە خۆی لە (85,000)هەشتاو پێنج ههزار کەس لە پیاو ئافرەت و منداڵ دەبینێتەوە بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.
کامەران کەریم