زایەڵە - دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لە دژی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمار کراوە.

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی كانوونی دووەمی 2024 دانیشتنەکانی لە ساڵی نوێ دەستپێبکاتەوە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنى چوار سکاڵا کۆببێتەوە، یەکێکیان لە دژى بڕیارێکى حکومەتى ناوەندیی عێراق تۆمار کراوە لە دژی پێدانی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان.

سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە لە دژى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە و تێیدا داوای کردووە دادگاکە بڕیارێکی حکومەت بە نادروست بزانێت، بۆ ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سکاڵاکە لە رۆژی 04-12-2023 دواخرابوو بۆ 08-01-2024.

کامەران کەریم