زایەڵە - هەرێمی کوردستان پلانی هەیە ئەمساڵ 10 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ ناوچە گەشتیارییەکان ڕابکێشێت و ڕێکخستنی چالاکی زستانەش بەشێك دەبێت لە پلانی دەستەی گەشتوگوزار.
سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری مارکێتینی گەشتیاریی سەر بە دەستەی گەشتوگوزار بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند: دەستەی گەشتوگوزار پلانی هەیە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە 10 ملیۆن کەس.
ڕوونیشیکردەوە: کە ئەمە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەنی دەستەکەدا دێت بۆ ئەوەی تا 2030 ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە 30 ملیۆن.
باسی لەوەشکرد: کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕێژەی 80٪یان عەرەبی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق بوون و 20٪ەکەی دیکەش بیانیی بوون.
سیروان تۆفیق جەختیشیکردەوە: لە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاریی.
دەستەی گەشتوگوزار هەوڵ دەدات گەشتیاریی زستانیش ببوژێنێتەوە و سیروان تۆفیق ڕوونیکردەوە کە هەوڵ دەدەن لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا چالاکی جۆرواجۆر ئەنجام بدەن.
کامەران کەریم