زایەڵە - موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە:  لە كۆبوونەوەكاندا حكومەتی عێراق بە شاندی حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مووچەی 680 هەزار فەرمانبەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە خەرج بكرێت، ئەم پێشنیارەش لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كراوە.

ڕاشیگەیاندووە: دەتوانرێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم پێشنیارە جێبەجێ بكرێت لایەن حكومەتی عێراقەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە:  شاندی هەرێم داوایان لە حكومەتی عێراق كردووە یاسای بودجە بە شێوەیەك هەموار بكرێتەوە، كە مانگانە 913 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان زامن بكات، بەڵام لە بەرامبەر ئەو پێشنیارەدا، بەغدا وتویەتی ئەوان دەتوانن 750 ملیار دینار بنێرن و حكومەتی هەرێم خۆی كورتهێنانەكە لە داهاتی ناوخۆ تەواو بكات و كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكات.

کامەران کەریم