زایەڵە - مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە؛ باج خستنەسەر قسە و ناڕەزایی خەڵك،  پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە.
ئاماژەی بەوەش داوە؛ دەستگیرکردن لەسەر قسەکردن و ناڕەزایی هاووڵاتیان، کردەوەیەکی زۆر مەترسیدارە و هەموو دەسەڵاتەکان دەخاتە ژێر پرسیاری زۆر قورسەوە.
جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە؛ هەزاران کەس لەپێناوی ڕزگاری و ئازادیی هەرێمی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە، بەڵام کارەساتێکی زۆر گەورەیە کە ئێستا هاووڵاتیان نەتوانن تەنانەت دڵی پڕ لە زووخاوی خۆشیان بەتاڵ بکەنەوە، لە بەرامبەر ئەم هەموو  باج و زەریبەیەی حکومەت بەسەر کۆمەڵانی خەڵك سەپاندوویەتی.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ پێویستە هێزە سیاسییەکان لەگەڵ هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراو و سەندیکاکانی کرێکارانیش، بێنە دەنگ لە دژی ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین.  ناکرێ هاووڵاتییەك قسەیەك بکات و ئاسایش دەستگیری بکات.