زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمەدنوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند: محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، رێکەوتن هەیە لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ کشانەوە لە عیراق و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی دوو قۆڵی پێکدەهێنن، یەکێک لە خاڵەکانی رێکەوتنەکەش ئەوەیە لە کۆتایی ساڵی 2024دا هاوپەیمانان لە عیراق بکشێنەوە، بەڵام بەپێی وەشانی میدیا عیراقیی و عەرەبییەکان، ماڵی شیعی کە ئێستا زیاتر بڕیار و دەسەڵاتیان لەلایە، بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەو بارەیەوە.
وتیشی: بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی عەرەبی جەدید ــ قەتەری، نووسیویەتی لە بارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە لە عیراق، شیعەکان دابەشبوون و هەریەکە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، دەعوە بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی و عەسائیب ئەهل حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، داوا دەکەن لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکانی بەغدا و واشنتۆن چارەسەربکرێت، نەک لە رووی سەربازییەوە.
هێمای بەوەشکرد: ئەگەرەکان ئەوە پیشان دەدەن، لە دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، بارودۆخێکی باش چاوەڕێی عیراق ناکات، چونکە هاوپەیمانان دەیانەوێت کاتێک لە عیراق بچنەدەرەوە کە ئەرکیان کۆتایی هاتبێت و بیانوویەک نەبێت بۆ مانەوەیان، بەڵام هەندێک هێز و لایەنی رەسمی و ناڕەسمی عیراقی پێیانوایە عیراق وەک خاکێکی داگیرکراوی لێهاتووە، لەو بارەیەوە لایەنەکانی وەک نوجەبا، سەید شوهەدا و حزبوڵڵای عیراق لەگەڵ ئەوەن بۆئەوەی ئەمریکا لە عیراق بکشێتەوە، پێویستە لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بدرێت، پێیانوایە ئەمریکا تەنها بەو رێگەیە لە وڵاتەکەیان دەکشێتەوە، نەک هەر ئەوەندەش، بەڵکو ئەوان داوادەکەن ئەمریکا لە کوردستانیش بکشێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەم دیمەنە لە کرانەدەرەوە، یان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراق، بە دروستی لە دیمەنی کرانەدەرەوەی هێزەکانی بەریتانیا دەچێت لە هیندستان، لە دوا رۆژەکانی دەسەڵاتی بەریتانییەکاندا لەو وڵاتە، دواین دەسەڵاتداری بەریتانی کە لۆرد لویس ماونتباتن بوو، ئاوڕ لە ماهاتما گاندی دەداتەوە و پێیدەڵێت ئەگەر ئێمە بڕۆین، ئەوا پاشاگەردانی و هەراوزەنا لە وڵاتدا بڵاودەبێتەوە و دۆخێکی خراپتان بەسەردا دێت، گاندی لە وەڵامدا دەڵێت بەڵێ، بەڵام پاشاگەردانییەکە تایبەتە بەخۆمان.ئەم هەستە کە خۆت حوکمی خۆت بکەیت نەک هێزی دیکە، نوێ نییە، بەتایبەتی لەلای ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن ئیستیعمار و وڵاتانی خۆرئاواییەوە لە قۆناغە مێژووییەکاندا داگیرکرابوون، بەڵام لە راستیدا ئەوەی لە عیراقی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دروست دەبێت، هەمان هەستی سەربەخۆیی پێشتری عیراق نییە، ئەم خۆبەڕێوەبەرییە تایبەت نابێت بە عیراقییەکان خۆیان، بەڵکو تایبەت دەبێت بە بەرژەوەندییە دەرەکییەکان و تیرۆریش لە ناوچەکەدا.
باسی لەوەشکرد: تێکچوونی دۆخی عیراق لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانان، هەر هێندە نییە کە شەڕ و کوشتاری خوێناوی رووبدات، بەڵکو رەنگە تێکچوونی دۆخەکە فرە شێوە بێت و بکەوێتە ژێر پەستانی هێزی دەرەکی و ئیقلیمییەوە وپێکدادانی ناوخۆیی، دەرکەوتنەوەی فۆرمی سیاسی نا دیموکراسی، رێکخراوی تیرۆریستی، دەوڵەتی سێنتراڵ، هەژموونی هێز و وڵاتی ئیقلیمی، قەیرانی ئەمنی و ئابووری و .هتدیش سەرهەڵبدات و وڵات بەرەو دۆخێکی نەخوازراو ببات کە جارێکیتر بە عیراقییەکان خۆیان کۆنترۆڵ نەکرێتەوە.
کامەران کەریم