زایەڵە - لە سێیەمین راگەیێندراودا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، سێ لە سەربازە بریندارەکانی کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێ لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە بریندارببوون، گیانیان لەدەستداوە. بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان بۆ نۆ سەرباز بەرزبووەوە. 
 
بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی ڕووداو، کاژێر 22:11 خولەکی شەوی رابردوو، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە یەکەمین راگەیێندراویدا کوژرانی پێنج سەرباز و برینداربوونی هەشت سەربازی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەکیان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە نزیک سنووری باکووری کوردستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند.
 
لە راگەیێندراوی دووەمدا، وەزارەتەکە دەڵێت، سەرباری هەوڵی زۆری پزیشکەکان، یەکێک لەو سێ سەربازە بریندارانەی کە دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بوو، گیانی لەدەستدا. 
 
کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، راگەیێندراوی سێیەمی بڵاوکردەوە و گیانلەدەستدانی سێ سەربازی دیکەی راگەیاند. کۆی گشتیی سەربازە کوژراوەکان بۆ نۆ سەرباز بەرزبووە، بەوپێیە ئێستا چوار سەرباز دیکە بریندارن.
 
بە گوێرەی بەرگریی تورکیا، یەک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکە بە پلەی ملازمی یەکەم. ناوی سەربازە کوژراوەکانیش بەمشێوەیەن: ملازمی یەکەم گۆکهان دەلەن، سەرکان ساین، موسلوم ئۆزدەمیر، کەمال باتور، ئەمروڵڵا گولمەز، هاکان گون، ئەحمەد کۆرئۆغڵو، موراد ئاتار و محەممەد ئێڤجین.  
 
وەزارەتەکە دەڵێت، گەریلاکانی پەکەکە لە هەوڵی دزەکردنیان بۆ سنوورەکانی تورکیا، لەلایەن سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی زاپ لە پارێزگای دهۆک رێگریان لێکراوە. بەهۆیەوە پێکدادانی سەخت روویداوە و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژران و هەشت سەربازی دیکەش برینداربوون. دۆخی تەندروستی سێ لە سەربازەکان سەختە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەڕو پێکدادانەکەدا 12 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 131 سەرباز.
 
هەر دوێنێ، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هەپەگە رایگەیاند، گەریلاکان کاژێر 17:05 خولەک لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، لانیکەم نۆ سەرباز کوژراون و 17 سەربازی دیکەش بریندارن. دۆخی هەشت لە سەربازە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.