زایەڵە - ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان  بەزایەڵەی ڕاگەیاند: ستایشی رۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆچارەسەری كێشەی بوودجەو مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.وەكو دەزانین بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی سەخت تێپەردەبێت، بۆیە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و ناردنی پارە لە بەغداوە بەهەنگاوێكی ئەرێنی باشی دەزانین بۆ چارەسەری كێشەكان، لەماوەی دوو رۆژی رابردوو سەرۆكی هەرێم چەندین دیدارو كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا كە دوو بابەتی سەرەكی لەخۆگرتبوو ئەوانیش بابەتی مووچەو قووتی خەڵك و هەروەها ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان بوو.

وتیشی: هیوادارین ناردنی مووچەو هەروەها پەسندكردنی هەمواری بوودجە هەنگاوی دیكەی بەدواوە بێت، ئەویش گەڕانەوەی،پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە هەروەها بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژە. ئێمە لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزووترین كات بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەوبەگرێبەستكردنی وانەبێژان بدات و مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای خانەنشیانی عێراق بكرێت و جارێكی دیكە دواكەوتنی مووچە نەبێتە هۆكار بۆ بایكۆت كردن و كاریگەری نەرێنی دروست نەكات لەسەر پرۆسەی پەروەردە. 

هێمای بەوەشکرد: لەكۆتاییدا دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆی و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەو بەگرێبەستكردنی وانەبێژان و باشتركردنی گوزەرانی خانەنشینان بەهەنگاوێكی گرنگی دەزانین بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵك بە حكومەت و پشتیوانی قەوارەی هەرێمی كوردستان. 

کامەران کەریم