زایەڵە - ئەوانەی دەیانەوێت لە هەڵەبجە پاسپۆرت بەدەستبهێنن، لەمەودوا پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیش بەردەست دەبێت، سبەی سێشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەڵەبجەش کارەکانی دەستپێدەکاتەوە.

بەهۆی رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردن، تەنیا بەشی پێدانەوەی پاسپۆرت ئەم ماوەیە لە ئەرکدا بوون.

بەیان جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پاسپۆرت لە سلێمانی ڕایگەیاند: سبەی سێشەممە لە کاتژمێر 11:00 وە، بینایی پاسپۆرتی پارێزگای هەڵەبجە دەکرێتەوە و سیستمی نوێی ئەلیکترۆنی تێدا پەیڕەو دەکرێ، بە هەمان ئەو میکانیزمانەی لە پارێزگاکان راگەیەندراوە.

وا باشترە خەڵكی ئەو ناوچەیە بزانن، تێچووی دەرھێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی نوێی عێراقی 91 ھەزار دینارە و لە رێگەی ماستەرکاردەوە پارەکە وەردەگیرێ، و سەرجەم مامەڵەکان بە ئەلیکترۆنی دەبن.

بڕیارەکە بەوجۆرەیە، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کردنەوەکە بەشەکە بەشداربن، بە قسەی بەیان جەمال بێت، هەردوو سیستمی کۆن و نوێ لەبەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەست دەبێت، ئەو هەنگاوەش بە مەبەستی زیاتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کارئاسانییە بۆ خەڵکی شارەکە.

کامەران کەریم