زایەڵە ـــ خاوەنی نیشانی ئۆڵۆمپیکی لەندەن سەرپەرشتی و ڕاهێنەری تیپی نیشتمانی تیکواندۆی عێراقی لە ئەستۆ گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی مالپەڕی "شەفەق نیووز"ی عێراق، موحەمەد باقری موعتەمد ڕۆژی سێشەمە گەیشتە عێراق و گرێبەستەکەی خۆی وەکوو ڕاهێنەری تیپەکانی نیشتمانی تیکواندۆی عێراق لە هەموو ڕەدەکاندا واژۆ کردووە.
مەحموود عەباس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تیکواندۆی عێراق لەمبارەوە ڕایگەیاند: پاش ئەوەی کە ڕاهێنەرانی زۆرمان بۆ لەئەستۆ گرتنی ڕاهێنەری تیپی نیشتمانی عێراق هەڵسەنگاند، ئەو ڕاهێنەرە ئێرانییە بۆ لەئەستۆ گرتنی ئەو ئەرکە هەڵبژێردرا. موعتەمێد سەرکەفتنی زۆری بەدەستهێناوە هەم لە ئاستی ئاسیا و هەمیش لە ئاستی جیهانی و ئۆڵۆمپیکدا و زۆریش خاوەن ڕێز و ئەزموونێکی باڵایە لە وەرزشی تیکواندۆدا.
دوو مەداڵی قارەمانی ئاسیا، نیشانی ئاڵتوونی یاریەکانی ئاسیایی هانگژۆ، ئاڵتوونی پێشبڕکێیەکانی جیهانی و نیشانی زێوی ئۆڵۆمپیکی 2012، تەنیا بەشێکە لە گرنگترین شانازیەکانی موحەمەد باقری موعتەمێد لە لقی وەرزشی تیکواندۆدا.
کەژاڵ حەمیدی