زایەڵە ـــ سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕووداوی ژێر ڕنوو کەوتنی ژمارەیەک شاخەوان لە ناوچەکانی شاری "شنۆ"، نیگەرانی قووڵی خۆی و تەواوی شاخەوانان لە کوردستان لەھەمبەر ئەو ڕووداوە دەردەبڕێت.
ناوبراو، ھاوکات داواش دەکات کە تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەدوای شاخەوانە ونبووەکاندا پێویستە لەژێر چاودێری و ڕێنمایی کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون و ئۆرگانەکانی تایبەت بەو بوارە ئەو کارە بکەن.
ڕۆژی ھەینیی(١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، گرووپێکی پێنج کەسی لە"گرووپی شاخەوانیی کاویانی نەغەدە"، لەکاتی گەڕانەوەیان لە لوتکە شاخی (ڕندۆڵە)ی دەڤەری شاری (شنۆ)، کەوتنە ژێر ڕنووی بەفر و بەداخەوە تا نووسینی ئەو ھەواڵە چارەنووسی سێ شاخەوان لەو پێنج شاخەوانە بە نادیاری ماوەتەوە.
سەرچاوە ھەواڵدەرییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە، ھەر لەسەرەتای ئەم ڕووداوەدا ھەریەک لە( موبین جسمی) و (سەلام بەھمەن یار)، بەھاوکاری تیمەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن لەژێر بەفرەکەدا دەرھێنراونەتەوە. بەڵام بەداخەوە چارەنووسی ھەریەک لە(محەمەد ڕویان، ڕەزا کایشی، موحسین عەزیزی) وێڕای گەڕان و پشکنینی تیمەکانی پشتیوانی بەڵام بە نادیاری ماوەتەوە.
سەبارەت بەم ڕووداوەی چیای"ڕندۆڵە"، د.ئەنوەر عەلی محەمەد سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، نیگەڕانی قووڵی بۆ ئەم ڕووداوە دەربڕی و ڕایگەیاند"تیمی بەھاناوەچوونی شاخەوانان پێویستە خۆیان لەکاری ھەڕەمەکیانە بەدوور بگرن و پێویستە لەژێر چاودێری و ڕێنماییەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن کە شارەزایی تەواویان لەو بوارەدا ھەیە، کاربکەن و لەخۆیانەوە ھیچ نەکەن".
سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان داواشی کرد"ئەوانەی خولی شاخەوانیی و فریاگوزاری سەرەتایی و زانستەکانی سەربەفر و سەھۆڵیان نەبینیوە، داوا دەکەم خۆیان لەکاری تیمەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن بەدوور بگرن و کاری تیمەکان قورستر نەکەن".
ھەروەھا گوتی"پێویستە ئەو کارە بۆکەسانی شارەزا جێی بێڵن کە دڵنیاین خەڵکانێکی زۆر بەتوانا لەو بوارەدا لە مەیدانەکەدا ھەن کە دەتوانن رۆل بگێڕن و پیشەییانە کاری گەڕان و پشکنین ئەنجام بدەن".
بەپێی وتەی سەرۆکی فیداسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، ھەرچەشنە قەرەباڵغییەکی ناپێویست و کاری ھەڕەمەکییانە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو سێ شاخەوانە ونبووە، مەترسی زۆرتر لەسەر ژیانی خەڵکانی دیکە درووست دەکات و بۆی ھەیە کارەساتی گەورەتر ڕووبدات.
د.ئەنوەر عەلی محەمەد لەدرێژەی پەیامەکەیدا خۆیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە وەرزی زستان خاوەنی تایبەتمەندی زۆرە و لەوەرزەکانی دیکە جیای دەکاتەوە، ھاوکات جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە" گەشتی زستانە مەترسی زۆری ھەیە، پێویستیشی بە شارەزایی و ئەزموون و لێزانین و کەلوپەلی تایبەت ھەیە.دەبێ کۆمەڵێک بنەما و یاسای شاخەوانیی لە وەرزی زستاندا لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی تیمە شاخەوانییەکان سەلامەت بڕۆنە لوتکە شاخەکان و سەلامەت و پارێزراویش بگەڕێنەوە".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو"شاخەوانان بەرلەوەی بڕۆنە شاخ پێویستە باری کەشوھەوای ناوچەکە لەبەرچاو بگرن، تیمەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن و ناوەندەکانی شاخەوانیی لە سنوورەکەی خۆیان لە بەرنامەی گەشتەکەیان ئاگادار بکەنەوە. زۆر گرنگە شاخەوانان لە پێش گەشتەکەیاندا زانیاری لەسەر ڕێڕەوی چوون و ھاتنەوەیان بە تیمەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردن بدەن بۆئەوەی لەکاتی ڕوودان و ھاتنەپێشەوەی ھەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، تیمەکان زوو بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و ئاسان کاری پێویست ئەنجام بدەن".
جێی باسە چیای ڕندۆڵە لە پێنج کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری"شنۆ" و نزیک سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵکەوتووە و شاخەوانانی ناوچەکە بەرزی ئەو شاخەیان بە ٣٠١١ مەتر لە ئاستی دەریا دیاری کردووە.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
بەشی ڕاگەیاندن
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤