زایەڵە - زیاتر لە هەفتەیەکە لە فریاکەوتنی کفری پزیشکانی نیشتەجێی خوولاو بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار دەڵێت، چەند رۆژێکە پزیشکانی ئەوانیش بایکۆتیان کردووە و بەو هۆیەوە تەنیا نەخۆشی رووداوە گەرمەکان دەبینن.
ئەمڕۆ شەممە 20-01-2024، رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار لە لێدوانێکدا گوتی، "لە 15ـی ئەم مانگەوە پزیشکانی نیشتەجێی خوولاو بایکۆتی دەوامیان کردووە و نەهاتوونەتەوە سەر کار. بەهۆی ئەوەوە تەنیا نەخۆشی رووداوە گەرمەکان لە نەخۆشخانەکە دەبینرێن".
فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار لە تەواوی سنووری گەرمیانەوە نەخۆش و بەتایبەت بریندارانی رووداوەکان سەردانی دەکەن. بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، "پێشتر رۆژانە تێکڕا نزیکەی 150 نەخۆش کە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبوو سەردانی دەکردین. ئێستا بەهۆی بایکۆتەوە نزیکەی 30 نەخۆش سەردان دەکەن، چونکە نەخۆشە زۆر پێویستەکان نەبێت لێرە نابینرێن، ئەوانەش پزیشکانی پلەبڵندی دێرین وەک هاوکاری دەیانبینن".
رزگار لەتیف ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە چەندین هاونیشتمانی دەچنە نەخۆشخانەکە و بەهۆی بایکۆتەوە چارەسەریان بۆ ناکرێت.
لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری لە 12ـی ئەم مانگەوە بایکۆتی فریاکەوتن و نەخۆشخانەی راوێژکاریش کراوە. سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئەمڕۆ شەممە گوتی، "بایکۆت بەردەوامە؛ ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک دەکرێت و ئەگەر هەیە سبەی نەخۆشخانەی راوێژکاری بکرێتەوە، بەڵام بایکۆتی فریاکەوتن بەردەوامە".
لە هەرێمی کوردستان پزیشکانی نیشتەجێی خوولاو فریاکەوتنەکان بەڕێوەدەبەن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی گوتی، "پزیشكی دیکە بەهۆی نۆرینگە و بابەتی دیکەوە مووچەشیان دوابکەوێت دەوام دەکەن، بەڵام پزیشکانی نیشتەجێی خوولاو تەنیا سەرچاوەی داهاتیان مووچەیە و دەڵێن، چی دیکە ناتوانن بەبێ مووچە دەوام بکەن".
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەدانی مووچە حکومەتی عێراق بە پابەند نەبوون بە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجە تۆمەتبار دەکات.
January 20, 2024