زایەڵە - مامۆستایەکی زانکۆ وێڕای جەخت لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەرهەمهێنەر نیە، وتی: بەرگرتن لەهاتنەناوەوەى کاڵایەک ئەگەر بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان پێداویستییەکان و خواستى هاولاتیانیان پێ پڕنەکریتەوە لەو کاڵایە، دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخەکان.
د، شەماڵ ئەحمەد مامۆستای زانکۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند:کاتێک دەتوانرێت بایکۆتى کاڵایەک بدریت کە هەمان کاڵا و بە هەمان کوالێتى جیاواز لەنرخ و بڕدا، لەناوخۆدا، بەرهەمبهێنرێت، چونکە لە کاتى ئێستدا کاڵاکان تەنیا بەهاى ماددیان نییە، بەڵکو هەموو کاڵایەکان بەبێ جیاوازى ڕێژەى کاریگەرییان لەسەر ژیانى مرۆڤەکان، بەهایەکى مەعنەویشیان هەیە. دواجار دەگەینە ئەو بڕوایەى کە بەردەست نەبوونى کاڵاکان بەهۆى بایکۆتەوە، کاریگەرى ماددى و مەعنەویشیان دەبێت، ئەوەى تایبەتبێت بە هەرێمى کوردستان، ڕێژەیەکى زۆر لەکاڵاکانى ناوبازاڕ، کە پێداویستى ڕۆژانەى هاوڵاتیانى هەرێمن، لەدەرەوەى کوردستان هاوردە دەکرێن، لە ئێران و تورکیا و سوریا بەو بارودۆخە نائارامەى هەیەتى کاڵاکان بۆ هەرێمى کوردستان هەناردە دەکات، تەنانەت بڕێک لەکاڵاکان لە پارێزگاکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراقەوە هەناردەى هەرێم دەکرێت، هۆکارەکەى ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان هەرێمێکى بەرهەمهێن نییە، بەڵکو هەرێمێکى بەرکاربەرە.
وتیشی: کەواتە بەرگرتن لەهاتنەناوەوەى کاڵایەک ئەگەر بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان پێداویستییەکان و خواستى هاولاتیانیان پێ پڕنەکریتەوە لەو کاڵایە، دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخەکان، کەئەمەش بۆ ئەم بارودۆخە داراییەى ئێستاى هاوڵاتیانى هەرێم کە بەدەست نەبوونى مووچە و گرانى خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت، بڕیارێکى دروست نییە، ئەمە لە بەرزترین ئاستدا ئەم کاریگەرییەى دەبێت، لە نزمترین ئاستیشدا، هەلى کێبڕکێی نێوان کاڵاکان کەم دەکاتەوە و ئەمەش کاریگەرى لەسەر کوالێتى و نرخى کاڵاکان دەبێت، بۆیە لەهەموو کاتێکدا کرانەوەى بازاڕەکان و دەروازەکانى بازرگانى بەپێی ڕێومەرجى سەلامەتى وکوالێتى جۆریی، بڕیارێکى دروست و گونجاوترە وەک لە بایکۆتکردن.
کامەران کەریم