زایەڵە - لە چوارچێوەی یەكەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كارسازی و داهێنان، بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، تیمی وزاریی حكومەت لەگەڵ چەند كارسازێك و چەند رێكخراوێكی تایبەتمەند بە كارسازی و داهێنان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی پلانەكانی كۆڕبەندەكەدا گفتوگۆ لەسەر دانانی میكانیزمێك بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت لەگەڵ كارسازان و عەقڵە داهێنەرەكان و ناوەندە ئەكادیمییەكان كرا.

دوای باسكردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم داهێنەران و كارسازان، تاوتوێی چەند رێوشوێنێك كران بۆ پشتگیریكردنی كارسازان و گەنجانی داهێنەر و پڕۆژە بازرگانییە بچووكەكان.

هەر لەم چوارچێوەیەشدا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ كارسازان و پشتگیریكردنی خاوەنكارە تازەكان چەند بڕیار و راسپاردەیەك سەبارەت بە لێخۆشبوون لە باج لە خاوەن كارە نوێیەكان و كردنەوەی یەكەی تایبەت بە وەڵامدانەوەی خێرای داواكاریی تۆماری كۆمپانیا و بە پڕۆگرامكردنی كارسازی لە خوێندی باڵادا درا كە بڕیار و راسپاردەكانیش دواتر ئاراستە لایەنەپەیوەندیدارەكان دەكرێن بە مەبەستی جێبەجێكردنیان.

کامەران کەریم