زایەڵە - ئەمڕۆ گەلی كورد لە هەرێمی كوردستاندا بە قۆناغێكی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت لە ئەنجامی نەبوونی نەخشە ڕێگایەكی ستراتیژی ڕوون بۆ دواڕۆژی ئەم هەرێمە.
كە دووچاری كێشەی زۆر بووەتەوە بەهۆی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و مووچە و دەرمان و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بە ڕادەیەك پرسیاری خستووەتە سەر سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە تاڵە مرۆڤی كورد لە سێبەری حوكمڕانیەكەیدا تووشی هاتووە، لە توانایدا نەماوە بەرگەی ئەو بێبایەخكردنە بگرێت ، كە دەستەبژێری بنەماڵە، دەسەڵاتدارەكان بەسەریەوە پیادەی دەكەن، دەسەڵاتی كوردی بە هەڵبژاردنی وەك چاوبەسكێك بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و درێژەدان بە پاوانكردنی پشتی پێ دەبەستێ و توانیویەتی لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ببنە ملیاردێر و خاوەن كۆشك و تەلار و فێلای وڵاتان و گوزارانێكی شاهانا، لە بەرامبەریشدا خەڵكی كوردستان لە خراپترین دۆخدا ژیان دەگوزرێنێ . ئەم دۆخە لە و جیاوازییەی گوزاراندا ، پشت بەستن بەو ئیحتكاركردنەی دەسەڵات لە ستمێكی سیاسی سەرنەكەوتوودا قەوارەی هەرێمی كوردستانی خستووەتە دۆخێكی مەترسیدارەوە.بەهۆی ئەو كێشانەی تووشی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان هاتووە ، هاوڵاتی كوردی و ستراتیژی نەتەوەیی بەشێوەیەك بێ بەها كردووە كە دەرفەتی پاراستنی دەستكەوتە دەستوریەكانی گەلەمان بەرەو نەمان بردووە.
زۆرجار لە كۆمەڵگا سیاسیەشكستخواردوەكاندا، بازرگانە سیاسیەكان بەهەرنرخێك بێت مۆنۆپۆلی دەسەڵاتیان كردووە و خەریكی چنینەوەی دەستكەوتەكانن ، ئەو جۆرە سیاسیانە هەمیشە لە بۆ سەدان بۆ سوود وەرگرتن لەهەرئاڵوگۆرێكی سیاسی یان تەنگەژەی ئابووری پشت لە داخوازیەكانی كۆمەڵانی خەڵكی دەكەنەوە، بەهۆی قەیرانەكانەوەتوانای ڕووبەروبونەوەی ئەم دۆخەیان نیە وەك ئێستا لەكوردستاندا دەبینین دەسەڵات هەر لەسەرەتاوە بۆ مانەوەی خۆیان پێویستیان بە كۆمەڵگایەكی دواكەوتوو بێ زانست و زانیارییە، بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی كۆیلە و دواكەوتوو و نەفام بەرهەم بێنێ.
ئەو بێ باكیەی حكومەت بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەی مامۆستایان و بەدەنگ نەهاتنیان بەشێكە لە بەرنامەی ئیفلیج كردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی بێ توانا و بێ بەرپرسیار و بێ ئاگا لە ماف و ئەركەكانی.
لەم بارودۆخە نەخوازراوەی كە بەسەر پەروەردە و فێركردندا هاتووە لە هەرێمی كوردستاندا بە ڕادەیەك هێندەی كاریگەری نێگەتیڤی بەسەر تواناو بیركردنەوەی مامۆستا دروست كردوە نەك دۆخی پەروەردەی خستووەتە دۆخی چەق بەستووەو بەڵكو لە هەندێ حاڵەتدا پاشەكشەو گەڕانەوەی بەخۆوە بینیوە.
لە كاتێكدا دەبینین كە فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان مووچەیان لەكاتی خۆیدا وەرناگرن و حكومەت چەندەها مووچەیان پاشەكەوت كردووە ، دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و بەرزنەكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و جێبەجێ نەكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق ژمارە (9ی ساڵی 2014) لەهەرێم كە بەپێی یاسا جێبەجێ كردنیان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە، ئەمەش نیشانەی شكستی حكومەتە و بێ توانای ئیرارەدانی دەوڵەتە.
نارەوایە كە ڕووی بەرپرسیارێتی ئاڕاستەی مامۆستا بكرێت كە تەنها مامۆستایان ئاستەنگ و لەمپەرن لە بەردەم كردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگاكان: ستەمێكی گەورەیە وا ببینرێت كە داخوازی مامۆ.ستا تەنها مووچەیە ! بەڵێ مووچە بژێوی ژیانە ، بەڵام ئاسودەیی دەروونی مامۆستایان بەشێكی گرنگی دروستبوونی كەسیەتی و توانا و كارامەیی مامۆستا بە دەستەبەركردنی مووچە ناێتەدی ، بەبێ دڵنیابوون لە تەواوی مافەكانیان و دەستەبەركردنی هەمووپێداویستەكانی ژیانیان كە ئەركی سەرشانی حكومەتە.
ئێستا دەبینین خەباتی مامۆستایان بۆ داوای مافە ڕەواكانیان لە دامەزراندن بەرزكردنەوەی مووچە و پێدانی مووچەلەكاتی خۆیدا بەردەوامە.
خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی ئامانجی داڕمانی پەروەردە نیە. ئەركی گرنگی ئەوان دوای نسكۆ دێتە مەیدان و سەرەتای هەستانی پرۆژەی سیاسی مامۆستایان دەست پێدەكات. لە داواكردنی دامەزراندن و بەرزكردنەوەی مووچە و پێدانی مووچە ،بە ئاڕاستەیەكی تردا ئەڕوات ، ئەوكاتە دەسەڵاتی حوكمڕانی دەباتە قۆناغێكی نوێ ، قۆناغی ڕزگاری لە ناعەدالەتی و ستەم و بێ مافی كە دەیان ساڵە پەنگی خواردوەتەوە لە دەروونی خەڵكی كوردستاندا دەست پێدەكات. ئیتر شۆڕشی سپی مامۆستا بەردەوام دەبێت و پێویستی بە پشتیوانی هێز و چین و توێژەكانی گەل هەیە . كە ئەمرۆ دەبێن كۆمەڵێكی بەرچاو لە فەرمانبەران و كاسبكاران و رۆشنبیران و پارێزەران و ئەندام پەرلەمان و مامۆستای ئاینی و توێژی تر هاتوونەتە مەیدان، داواكاری مامۆستایان بووەتە داوای هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان . لەپێناو هێنانەدی مافە كانیان.
لەم قۆناغەدا ئەركی مامۆستایانە بە پڕۆژەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی پێشڕەوی خۆپیشاندانەكان بن ، داوا و دروشمەكانیان لە مافە پیشیەكانیانەوە بگۆرن بۆ (( دەسەڵاتێكی عەدالەت خوازو هێنانەدی مافەكان گەل و دادپەروەری كۆمەڵایەتی)).
ئەم خەباتە پێویستی بە هاوبەش هەمووتێكۆشەرانە، بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە سەختە و ئاڵۆزە، پێویستی بە ئامادەكردنی زەمینەیەكی لەبارە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان، ئەركی ڕاستەقینەی گشت هێز و لایەنە نیشتمانپەروەرو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسانی دڵسۆز و نوخبەی سیاسی ئۆپۆزۆسیۆنەكانە، بەشێوازێكی دروست خاڵە هاوبەشەكان بكەن بە بنەما بۆ ڕێكەوتنێكی هەمولایەنە لە هاوپەیمانیەكی فراوان، بەتایبەتی بۆ دروست كردنی (لیستێكی یەكگرتوو بۆ كاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بۆ ڕزگاركردنی گەلی كوردستان لەم بارودۆخە ئاڵۆزو دژوارەی كەئێستا بە رۆكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی گرتووەتەوە.