زایەڵە ـ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، زیاتر لە 240 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان لە پارێزگاکان دابەشکراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 202 هەزار خێزان سوودمەندبوون.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان رایگەیاند: "تاوەکو رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 2024، زیاتر لە 240 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە، لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 96 ملیۆن لیتر، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 94 ملیۆن لیتر و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە 50 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە."
بەپێی داتاکانی وەزارەتەکە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 93%ـی کۆی خێزانەکانی هەرێم لە وەرگرتنی نەوت سوودمەندبوون، هەولێر نزیکەی 100%، سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 89% و دهۆکیش زیاتر لە 89%ی خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە.
سەبارەت بە نەو نەوتەی حکومەتی ناوەندیی رەوانەی دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 23 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، کە زیاتر لە 10 ملیۆن لیتر لە هەولێر، زیاتر لە پێنج ملیۆن لیتر لە سلێمانی و هەڵەبجە و نزیکەی هەشت ملیۆن لیتری لەو نەوتە لە دهۆک دابەشکراوە.
تاوەکو ئێستاش زیاتر 127 هەزار خێزان لە نەوتەکەی بەغدا سوودمەندبوون، لە هەولێر، نزیکەی 56 هەزار خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 22 هەزار خێزان و دهۆکیش زیاتر لە 49 هەزار خێزان.