زایەڵە - یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان رایگه‌یاند، دوێنێ پلەی سەربازی زیاتر لە چوارهەزار ئەفسەر لەوەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە، ئەمەو لەكاتێكدا ماوەی دە ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا رایگه‌یاند، پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، دوێنێ خۆشبەختانە پلەی (4304) ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 بەرزکرایەو، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی 70 و 80 هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاک و نیشتمان بەردەوام بوونە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بۆیە لێرەوە رووی داواكاریمان لە حكومەتی كاربه‌ڕێكه‌ری هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زووە كار بكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا كە خۆراگرانەو ماندوونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان لەسەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بوونە، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەرو پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن. لەكاتێكدا دوێنێ نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستی پێنەكردووە.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، لەكۆتاییدا داواكارین حكومەتی كاربه‌ڕێكه‌ری هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان. جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتی مامۆستایان كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە:

١- پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆی.

٢-دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

٣-دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ.

٤-هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.

کامەران کەریم