زایەڵە - بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان چەند دەنگێكی بەهێز لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق بیستراوە و لەگەڕەكی مشتەل، ئۆتۆمبێلێك كراوەتە ئامانج و سووتاوە.

هەروەها سێ هێرش كراونەتە سەر ناوچەی بەلەدیات لە بەغدا.

هەروەها كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی لەخۆرهەڵاتی شاری بەغدا كراونەتە ئامانج.

كەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویكردەوە سەركردەیەكی كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراق كراوەتە ئامانج كە بەرپرسیاری هێرشەكەی ئوردنی سەر ئەمریكییەكانە.
میدیای حیزبوڵا كوژرانی دوو سەركردەی لە هێرشەكەدا راگەیاند، ئەو دوو سەركردەیە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوە بوون.

 ئەو سەركردانەی كوژراوان ناویان ئەبو باقر ساعدی(وسام محەمەد سابیر ساعدی) و ئەركان عەلیاوییە.

ئەو سەرکردانەی کە کوژراون بەرپرسی بەشی مووشەکی و ئاسمانی و سیستمی زانیاری کەتیبەکانی حیزبوڵا بوون.

هێزێكی ئەمنی زۆر لە بەغدا بڵاوەی پێكراو رێگای سەرەكی ناوچەی مشتل و ئور لە شارەكە داخرا.

هەروەها سەركردەیەكی دیكەی گروپی نوجەبا كوژراوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە  هێرشەكانی بەغدا لەلایەن ئەمریكاوە كراون و میلیشیاكانی ئێرانی كردوەتە ئامانج.
پێنتاگۆن بۆ كەناڵی ئەلعەرەبیە دەڵێت ئاگاداری هێرشەكانی بەغدان و لەكاتی گونجاودا راگەیەندراویان دەبێت.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە هێرشەكانی بەغدا بە درۆن ئەنجامدراون و فەرماندەی كەتیبەكانی حیزبوڵایان كردووەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەكان سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هێزی زۆری ئەمنی و داخستنی رێگاكانی ناوچەی هێرشەكە، فڕۆكەی زۆریش بە ئاسمانی بەغدادا دەسورێنەوە.

هەروەها لە شوێنی بۆردوومانەكە لایەنگرانی حەشدی شەعبی كۆبوونەوە و دروشم دژی ئەمریكا دەڵێنەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە "هێرشەکەی بەغدا لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجامدراوە و ئامانجێکی بەهاداری پێکاوە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویكردەوە هێرشێك ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی كردووەتە ئامانج و سەرنشینەكانی كوژراون كە بە شەهید ناوی بردوون، هەروەها دەڵێت لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.