زایەڵە - لە قەڵادزێ، کچێک کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی لە پاشماوەی پەلەوەر دادەمەزرێنێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشوازیکرد لە هاژە حەسەن و باوکی و رێزلێنانی پێشکەشکردن، کە توانیویەتی بەرهەمی ماستەرنامەکەی بکاتە کرداری بە دامەزراندنی کارگەیەک لە قەڵادزێ بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی لە پاشماوەی پەلەوەری.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند:  لە دامەزراندنی ئەم کارگەیە بۆچوونی زۆر جیاواز هەبوو کە رێگربوون لەبەردەم هەنگاوەکانیدا، بەڵام من گەشبین بووم بە توانای زانستی ئەم خاتوونە و سەرکەوتنی هەوڵەکانی بۆیە بڕیارمدا پشتیوانی بکەم، ئەمڕۆش زۆر دڵخۆشم کە سەرکەوتنی پرۆژەکەی رادەگەیەنم دوای توێژینەوە زانستییەکان.

بەپێی راگەیەندراوەکە:  ئەو کارگەیە لە پاشماوەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان پەینی ئەندامی بەرهەمدێنێت، بەکوالێتییەکی بەرز و بەشێوازی شل و لە کیس نراو، کارگەکە بەرهەمی ساڵانەی 11 هەزار بوتڵی پەینی ئەندامی شل و 10 تەن کیسەیە، کە هەلیکاری بۆ ژمارەیەک لە گەنجی ناوچەکە رەخساندووە.

کامەران کەریم