زایەڵە - سالار مەحمودئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەزایەڵەی ڕاگەیاند: لەسەر بنەمای راسپاردەو بڕیارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی مەکتەبی رێکخستن کۆنفراسێکی سێ رۆژەی سازکرد. ئەم پرۆسە سیاسیە بەشێکە لە رێکخستنەوەو جۆشدانی زیاتری ئۆرگانەکانی یەکێتی بۆ خزمەتی گشتی و بوژاندنەوەی دسپلینی سیاسی لەناو ھەڤاڵان.
(میتۆدێکی نوێ، بۆ ڕێکخستنی سەردەمیانە). دروشمی کۆنفرانس بوو لەم چوارچێوەیەدا ھەشت لیژنەی تایبەتمەند دروست کران بۆ ھەشت تەوەری گرنگ ھەڤاڵانی مەکتەبی رێکخستن و مەکتەبەکان و مەڵبەندەکان دابەش بوون بەسەر لیژنەکاندا. بە پرۆژەی کەسی و پرۆژەی مەڵبەندەکان تەوەرەکان دەوڵەمەند کران گفتوگۆی چەندین کاتژمێری کرا راو سەرنجەکان ھەمووی بەھەند وەرگیران. لە کۆنفرانس گرنگتر رەنگدانەوەی بۆچوونە باشەکانە لەناو ژیانی حزبیماندا بۆ نوێکردنەوەو باشتر خۆسازدان لەپێناو راپەڕاندنی ئەرکەکانی داھاتوو.ھەڤاڵانی یەکێتی پەرۆشن بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکانی ھەرێم و عیراق لەسەر بنەمایەک کە پرۆژەکانی یەکێتی تەژی بێت لە خواست و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و پرۆژەی چارەسەری قەیرانەکان بە جۆرێک یەکێتی خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی پرسە نیشتمانیەکان بەتەواوی لە ئەستۆ بگرێت لەلایەک و بابەتەکان بە جۆرێک شرۆڤە بکرێت رێکاری چارەسەریان بۆ دەستنیشان بکات.
وتیشی: یەکێتی رێکخراوی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو تێزەی رابەرمان سەرۆک مام جەلال کە دەڵێ " کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، یەکێتیەکەی خۆتان" بەم تێزو مانایە یەکێتی خاوەندارێتیەکەی بۆ خەڵکی کوردستان دەگەڕێتەوەو ھەنگاوو راپەڕاندنی ئەرکەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵک و ئایندەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.بەندە لە چوارچێوەی راپەڕاندنی ئەرکەکانی کۆنفرانسدا دوو ئەرکم کەوتە ئەستۆ.یەکەم: سەرپەرشتی کردنی کۆنفرانسی مەڵبەندی گەرمیان وەک بەشێک لە خۆ ئامادەکردن بۆ کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن. هەربۆیەتیشک دەخەمە سەر تەنیا یەک تەوەر لەو ھەشت تەوەرەی ببونە جێی گفتوگۆ بۆ پرۆژەی ئایندە ئەویش " گەنجان بەشداری لە کاری رێکخراوەیی،دووەم: لیژنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سەرپەرشتیمان کرد لەگەڵ ھەڤاڵان مەلا کەریم و حسێن شوانی.تەوەری یەکەم بەم جۆرە بوو،
گەنجان و بەشداريی لە کاری رێکخراوەییدا،یەکەم پێشەکی،گەنجان داینەمۆی گۆرانکاری و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە و وزە و بزوێنەری ژیانی سیاسی و حزبی و حكومیە، هاوکات زۆرینەی زۆری هەر کۆمەڵگایەکیش گەنج پێکهێنەریەتی.
ڕونیشیکردەوە: گەنجان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێرن لە ژیانی سیاسی دا لە رێگەی حزبەکانەوە، دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە خستنەرووی گرفت و پێویستیەکان و توانایان هەیە لە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ پرسە گشتی و حزبییەکان ، و پێشنیارکردنی پرۆژەی ستراتیجی بۆ گەشەپێدانی حزبی لە ئاستە جیاوازەکان دا .لە رێگەی بەشداری کارای گەنجانەوە ، حزب دەتوانێ بگاتە حقیقەتی خواست و خوولیانی گەنجان و ئەمە دەبێتە وەگێرانی داواکاری گەنجان لە داوایەکی دەرەکیی حزبییەوە بۆ داوایەکی ناوخۆی حزبی و بەمەش پرۆژە و بەرنامەکانی حزب هاوتەریب دەبن لەگەڵ خواستی گشتی گەنجان دا .ئەو حزبانەی کە گرنگی زۆریان داوە بە رۆڵ پێدانی گەنجان ، توانیویانە لە ئامانجە ستراتیجیەکانی حزب نزیک ببنەوە ، وبیرۆکە و پرۆژەی گەنجان لە گەشەپێدانی گشتی و حزبی دا بەکاربێنن.
داهاتووی هەر حزبێکی سیاسی وابەستەیە بە بەشداری کارای گەنجان لە ئۆرگانەکانی حزب دا و هاوکات نوێبونەوە و داهێنانی کاری حزبی لەسەر دەستی گەنجان ئاسانتر دەبێت.بەپێی پێوەری نەتەوەیەکگرتووەکان هێزی کاری گەنجان لە نێوان تەمەنی ( ١٥ – ٣٠ ) ساڵییە، یاخود لە ( ١٨ بۆ ٣٣ ) ساڵییە .بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە ٢٠٢٣ دا بریتییە لە ( ٦،١٧١،٨٣ ) کەس.بەپێی راپرسییەک لە ٢٠٢٣ ئەنجام دراوە لە هەرێمی کوردستان دا گەنجان لە تەمەنی ( ١٥ – ٣٠ ) ساڵ، رێژەی ( ٣٠ %) پێکدێنێت.مەزەندە دەکرێت رێژەی دانیشتوانی هەرێم لەخوار تەمەنی (١٥ ساڵ) بریتی بێت لە ( ٣٥ % ) .بەپێی یاسای شارستانی عێراقی بەرکار لە هەرێمی کوردستاندا هەر کەسێک شیاوێتی یاسایی تەواوی نەبێت، کار و کردەوە و ووتەکانی بەهەند وەرناگیرێت و پووچەڵ دەبێت .
وە شیاوی یاسایی بەپێی یاسای ئاماژە بۆکراو بریتییە لە تەواوکردنی ١٨ ساڵی تەمەن، هەرچەن لەخوار ئەم تەمەنەوە هەندێک هەڵاوێردنی یاساییمان هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو: بنیاد لەسەر ئەوەی باس کرا، بە پێویستی دەزانین کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە گرنگی تەواو بدات بە گەنجان و هێنانەپێشەوەیان لە سەرجەم بورەکانی ژیانی سیاسی و حزبایەتی و رێکخراوەییدا .لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان سیستمی پەروەردە و خوێندن وەک پێویست نیە و هاوکات گەنجان ناتوانن بەتوانای تاکەکەسی ببنە کەسی پێشەنگ ، کەمینەیەک نەبێت ، هەربۆیە
وا پێویست دەکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پرۆژە بیر لە تواناسازی گەنجان و بەگەر خستنی تواناکانیان بکاتەوە لە سێکتەرەجیاوازەکانی حزبی و حکومیدا .دووەم، ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداريی گەنجان لە کاری حزبی و رێکخراوەییدا،خراپی دۆخی دارایی گەنجان: ئەمە وادەکات کە گەنجان لە بری بەشداری سیاسی بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی بژێوی بکەنەوە.نزمی ئاستی هوشیاری گەنجان: ئەمە وا دەکات کە گەنجان هەست بە گرنگی بەشداری سیاسی نەکەن لەنێو حزب و ئۆرگانەکان دا . فاکتەری کلتوری و کۆمەڵایەتی لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم بەشداری گەنجان لە کاری حزبیدا. بیری پۆپۆلیستی و گەشەکردنی لەم چەن ساڵەی دواییدا هۆکارێک بوو بۆ پاشەکشەی گەنجان لەبەشداری سیاسی و حزبیدا.
سێیەم، چارەسەر،یەکەمین دەروازە بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجان و گەشپێدانیان و خستنەگەری تواناکانیان ، وەرگرتنیانە لە زانکۆ و پەیمانگاکان ، هەروەک دەبینین بە تەنها لە زانکۆ گەرمیان زیاتر لە شەش هەزار خوێندکار و لە زانکۆی پۆلیتەکنیک زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار هەیە ، لە بەشەزانستییە جیاوازەکان دا ، واتە تەنها لە گەرمیان هەشت هەزار خوێندکاری زانکۆ هەیە ، ئەمە توانایەکی مرۆیی گەرورەیە و پێویستی بە پلانی وورد هەیە بۆ گرنگی پێدان و هێنانەپێشەوە و گەشەپێدانیان .کاراکردنەوەی ئۆرگانە تایبەتمەندەکانی گەنجان و پشتیوانی کردنیان لەرووی مادی و معنوییەوە بۆ دووبارە کارکردن و پەروەردەکرنی گەنجان یاخود دروستکردنی ئۆرگانی نوێی گەنجان بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم.
لێرەدا و بۆ چارەسەری پرسی گەنج و رۆڵ پێدان بە گەنج پێشنیاردەکەین بە کردنەوەی ئۆرگانێکی تایبەت بە کاروباری گەنجان، بۆ ئەمەش پێشنیاری ئەم بیرۆکەیەی خوارەوە دەکەین،پەیمانگای کاروباری گەنجان ، لەرووی پەیکەربەندییەوە ببەسترێتەوە بە مەکتەبی رێکخستنەوە ، و بەشی تایبەتی لەمەڵبەندا هەبێت . ستافێکی شارەزاو پسپۆری بوارەجیاوازەکان بەرێوەی ببەن. لەرووی ئەرک و تایبەتمەندییەوە ، بەچوار قۆناغ کار لەسەر پرسی گەنجان دەکات ، قۆناغی یەکەم،قۆناغی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری ، لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر کۆکردنەوەی داتا و زانیاری وورد لەسەر ژمارەی گەنجان بەپێی تەمەنە جیاوازەکان و دیاریکردنی گرفت و خواستەکانیان ، زانینی ئاستی حەز و مەیلی کەسییان بۆ کاری سیاسی و حزبی . قۆناغی دووەم، قۆناغی پۆلێنکردن و شیکردنەوە: لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر پۆلێنکردنی ئەو گەنجانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا بە زانیاری و داتادەستکەوتوون، واتە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ، پۆلینکردنی ئەو گەنجانەی کە دەکرێ سوودی لێ ببینرێ . قۆناغی سێیەم، قۆناغی تواناسازی گەنجان: لەم قۆناغەدا کاردەکرێت لەسەر پەرەپێدانی ئەو گەنجانەی کە توانایەکی دیاریکراویان هەیە لە رێگەی خوولی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکانەوە و ئامادەکردنیان بۆ رۆڵپێدانیان لەکاروباری حزبی و حکومیدا . قۆناغی چوارەم، قۆناغی بەگەڕخستن،لەم قۆناغەدا پۆلێنی ئەو گەنجانە دەکرێت کە قۆناغەکانی پێشوویان بڕییوە و بەپێی شارەزایی و لێهاتوویان سوودیان لێ دەبینرێت و تواناکانیان بەگەڕ دەخرێت.تەوەری دووەم، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
یەکێتی وەک حزبی خاوەن بیرۆکەی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی ئەم خەباتە بە گرنگ دەزانێ بۆ حوکمڕانیەکی باش.لیژنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە چڕی گفتوگۆی کرد بۆ ئامادەکاریەکانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان.جەخت لەسەر خاڵێكی گرنگ کرایەوە.
یەکەم،گرنگی فرە بازنەیی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ دادپەروەری لە دابەش کردنی کورسیەکانی پەرلەمان بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمدا.دووەم، پێکھاتەکانی کوردستان لە روانگەی یەکێتیەوە گرنگی زۆریان ھەیە، گرنگە سەربەخۆیی نوێنەراتیکردنیان بە یاسا پارێزراو بێت و بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن بۆ نوێنەراتیکردنێکی بێ دەستێوەردان.سێیەم، پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەبێتە مایەی دەستەبەر کردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد. لەم رووەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم ئەرکە ھەڵسن، ئەم بابەتە داخوازی گشتیەو یەکێتی بە گرنگی دەزانێ تۆماری دەنگدەران پوخت بکرێتەوە.چوارەم. بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاسا بەرکارەکان بێت و بە میکانیزمی مۆدێرن و نوێ بانگەشەی شارستانی بۆ ئەو پرۆسە گرنگە بکرێت.لیژنەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەم تەوەرانەو چەندینی تری راڤەو شرۆڤە کرد.کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن لە دوای سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دەرەوەی ھەرێم سازکرا. یەکێتی لە کەمپیەنێکی سەرکەوتوودا توانی ببێتە حزبی یەکەم لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم.بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش پلانمان وایە سەنگ و پێگەی راستەقینەی یەکێتی بگەڕێتەوە ناو ھۆڵی پەرلەمان لە خولی شەشەمدا.
کامەران کەریم