زایەڵە - هۆبەى چاودێرى و ئاڵوگۆڕى دراو و شمەک لە ئاسایشى سلێمانى لە گشتاندنێکدا کە ئاڕاستەى تەواوى کۆمپانیا و نوسینگە و دەستگێڕ و کاسبکارانى ئاڵوگۆڕکارى دراوى کردوە دەڵێت: نابێت جیاوازى بکرێت لەنێوان دۆلارى چاپى کۆن و نوێ و تەنها لە حاڵەتى بونى دراوى ساختە و دڕاو دەتوانن پارەکە وەرنەگرن.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە لەکاتى وەرگرتنى حەواڵەدا ئاڵوگۆڕکاران ناتوانن داواى کەفیل بکەن و دەبێـت پارەکە بدرێتە ئەو کەسەى کە بە ناویەوە هاتوە یاخود بریکارنامەى پێیە.
لە گشتاندنەکەدا ئاسایشى سلێمانى دەشڵێت: مامەڵەکانى دراو دەبێت راستەوخۆ و روبەڕو بێت و بەوپێیەش لەمەودا مامەڵەى هەوایی بە دۆلار و دراوەکانەوە قەدەغەیە.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە مامەڵەکردن بە دراوى ئەلیکترۆنییەوە بەهەمو شێوەیەک رێگە پێنەدراوە و لە ئەگەرى بونى سەرپێچیشدا کەسى سەرپێچیکار روبەڕوى لێپێچینەوەى یاسایی دەبێتەوە.
کامەران کەریم