زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەرو میدیاکاری سەربەخۆ بەزایەڵەی ڕاگەیاند:  مرۆڤی سه‌ره‌تایی خاوه‌نی شارستانیه‌ت و ژیانی شار نه‌بووه‌، به‌ڵام خاوه‌نی ئایین و عه‌قیده‌ی ئایینی بووه‌، واته‌ ئایین پێش شارستانیه‌ت كه‌وتووه‌و هه‌ر ئایینیش بنه‌مای یه‌كه‌م و سه‌رەكی درووستبوونی شارستانیه‌ته‌كان بووه‌.

هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كی شوێنه‌وارناسی و مێژوویی تا ئێستا ده‌ری نه‌خستووه‌ كه‌ سه‌ره‌تای دین و سه‌رهه‌ڵدانی بیروباوه‌ڕی ئایینی له‌ناو كام گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و گرووپی مرۆییه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئایین داهێنراوی هیچ ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری و نه‌ته‌وه‌یی نییه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونی مرۆڤ و په‌یدابوونیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌.

وتیشی: له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ مێژوونووسی ئه‌غریقی(بلوتارگ) وتوویه‌تی، له‌ناو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا چه‌ندین شاری بێ شوراو دیوارم بینیوه‌، شاری بێ كۆشك و ته‌لارم بینیوه‌، شاری بێ قوتابخانه‌و خوێندنگه‌م دیوه‌، به‌ڵام شارم نه‌دیوه‌ به‌بێ په‌رستگا.

ڕونیشیکردەوە:  (برجسون)یش هاوشێوه‌ی رایه‌كه‌ی بلوتارگی هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت:چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ی مرۆیی هه‌بوون و ئێستاش بوونیان هه‌یه‌ كه‌زانست و هونه‌رو فه‌لسه‌فه‌یان نییه‌، به‌ڵام هه‌رگیز گروپێكی مرۆیی نه‌بووه‌ ئایینی نه‌بووبێت.

کامەران کەریم