زایەڵە ـــ میدیاکانی ئوردۆن ئاماژەیان داوەتە سەر تەخشان و پەخشانی بێهۆی فیدراسیۆنی عەرەبستان لەچاو تیپی نیشتمانی ئوردۆندا.
مووچەی مانچینی لەگەڵ تیپی عەرەبستان بەرانبەرە لەگەڵ مووچەی 7 ساڵەی فیناڵیستی ئاسیا، واتا تیپی ئوردۆن. ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتی گوڤاری ئەلرویەی ئوردۆن بووە لەبارەی یاری سەیر و سەمەری تیپی ئوردۆن بە مووچەیەکی زۆر کەمەوە.
ڕۆبێرتۆ مانچینی ڕاهێنەری بەناوبانگ و ناسراوی ئیتاڵی، پێش لە دەسپێکی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بە مووچەی ساڵانەی 28 ملیۆن دۆلارەوە ڕاهێنەری تیپی نیشتمانی عەرەبستانی لە ئەستۆ گرت و نازناوی بەنرخترین ڕاهێنەری جیهانی لەسەر دانرا.
بەپێی ڕاگەیاندنی میدیاکانی ئوردۆن، فیدراسیۆنی تۆپی پێ ئەو وڵاتە ساڵانە 4 ملیۆن دۆلار مووچەی هەیە و تیپی نیشتمانی ئوردۆن بەو مووچە کەمەوە توانیویەتی سەرووتر لە تیپە بەهێزەکانی ئاسیا، لەوانە ژاپۆن، ئوسترالیا، کووریای باشوور و ئێران، ڕاوەستێت و بگاتە بەشی فیناڵ.
بەڵام لە یارییەکی زۆر سەیروسەمەردا بەرانبەر بە قەتەر تووشی شکست بوو.
کەژاڵ حەمیدی