زایەڵە - عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى دەڵێت: "هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژى داعش لەسەر بانگهێشتى حکومەت هاتوونەتە عێراق و دواى راگەیاندنى کۆتایىهاتنی داعش، پێویست بە مانەوەیان ناکات".
حەکیم، بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، لەگەڵ غولام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی ئێران کۆبووە، دوایین پێشهاتەکانى رەوشى غەززە و هەڵوێستى عێراق لە بەرامبەر دۆزى فەڵەستین گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
سەبارەت بە بوونى هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژى داعش لە عێراق، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى رایگەیاند، هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەسەر بانگهێشتى حکومەت هاتووە و دواى راگەیاندنى کۆتایى داعش، پێویست بە مانەوەیان ناکات و عێراق قبوڵى ناکات لەژێر سەرپەرشتى نێودەوڵەتیدا بێت.
حەکیم، پشتیوانیى خۆى بۆ هەنگاوەکانى حکومەت لە دانوستاندنەکانى کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ماوەیەکى زەمەنیى دیاریکراودا دووپاتکردەوە.
رۆژى سێشەممە غولام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى ئێران گەیشتە بەغداد و بڕیارە ژمارەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسانى عێراق ئەنجامبدات.
رۆژی شەممە 27ی کانوونی دووەم، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی دەستپێکردنی خولی یەکەمی گفتوگۆی دوو قۆڵیی نێوان عێراق و ئەمریکای کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی دەستپێکردنی خولی یەکەمی گفتوگۆی دوو قۆڵیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق".