زایەڵە - یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ هیچ بڕیارێك نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئامادەنەبونی مامۆستایان لە ناوەند و هۆڵەكانی خوێندن و تا ئێستا زیاتر لە دو هەزار و (500) مامۆستا بەئامادەنەبو ئەژماركراون و بەردەوامیش ناوی مامۆستایانی ئامادەنەبو تۆماردەكرێت.
نەژاد عەبدوڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی و دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای رەسمی گۆڕانی وتوە، لە كۆی (35) هەزار و (862) مامۆستای میلاك و وانەبێژ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ئامادە نەبونیان لە ناوەندەكانی خوێندن تا ئیستا دو هەزارو (573) مامۆستا بە ئامادەنەبو (غیاب) ئەژمار كراون و هیچ بڕیارێكیش نییە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ئامادەنەبونەكانیان.
سەبارەت بە جیاوازی نێوان ئامادەنەبو لەگەڵ سزادان وتی"ئامادە نەبونی مامۆستا لە ناوەندەكان و هۆڵەكانی خوێندن (غیاب) سزا نییە، بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی (2002)ـی هەرێمی كوردستان سزا لەگەڵ ئامادەنەبون لە هۆڵەكانی خوێندن جیا كراوەتەوە، سزاكان لە سەرزەنشتكردن، ئاگاداركردنەوە، دورخستنەوە و فەسڵكردن پێكدێن."
لەسەر گرتنەبەری رێكاری كارگێری بۆ سزادانی فەرمانبەر نەژاد عەبدوڵا، رونیكردەوە، لە بەرامبەر ئامادەنەبونی هەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت بەبێ هیچ هۆكارێك لە كاتی دەوامی ئاسایی و لە شوێنەكەی خۆی رێكاری كارگێری دەگیرێتەبەرو رۆژانی ئامادەنەبونی تۆمار دەكرێت، ئەگەر ئامادەنەبونەكەی (30) رۆژ تێپەڕێنێت فەسڵ دەكرێت.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە كۆی هەزار و (307) ناوەندی خوێندن لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی تا ئێستا لە هەزار و (208) ناوەندی خوێندن دەستكراوەتەوە بە دەوام كردن، ئەوانەی دیكە لە ناوچە سنورییەكانن و لە یەك دو رۆژی ئایندەدا دەست دەكەنەوە بەدەوام.