زایەڵە - رۆژی هەینی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا دەستی بە کارەکانی کرد، ئەوە لەکاتێکدایە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان بەهۆی هەردوو جەنگی غەززە و ئۆکرایناوە بە قەیرانێکی ئەمنی گەورەدا تێدەپەڕن. ئەم کۆنفرانسە رۆژی شەممە و یەکشەممەش بەردەوام دەبێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە سەرکردە بەشداربووەکانی.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ڕووداو، رۆژی پێنجشەممە 15ـی شوباتی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەیشتە ئەڵمانیا و رۆژی هەینی لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا دیداری لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک سەرکردە و وەزیری دەرەوە و بەرگری وڵاتان ئەنجامدا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتان، ئەرکی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، جەنگی غەززە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان بوو.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لەو کۆنفرانسەدا دەڵێت، "متمانەکردن بە هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەرێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق، رەوایی بەخشینێکی گەورەیە بۆ پێگە و کاریگەریی رۆڵی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن زۆر گرنگە."
سەرۆکوەزیرانی یۆنان: دەخوازم سەردانی کوردستان بکەم
لە پەراوێزی یەکەم رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و كيرياكۆس ميتسۆتاكيس، سه‌رۆكوه‌زيرانى يۆنان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و دانوستاندنەکان بۆ چاره‌سه‌ركردنى کێشەکانی نێوانیان، هه‌ڕه‌شه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعشيان تاوتوێ كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆكوه‌زيرانى يۆنان خواستى خۆى بۆ سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له داهاتوويه‌كى نزيكدا ده‌ربڕى و هەردوولایش دووپاتيان كرده‌وه كه پێويسته ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه بپارێزرێت و ڕێگه نه‌درێت شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كان له‌وه زياتر په‌ره بستێنن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی یۆنان په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووريایان تاوتوێ کرد.
نابێ عێراق لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بگلێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کۆبوویەوە و هەردوولا دووپاتیان لە پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق کردەوە و رایانگەیاند، "نابێ رێگە بدرێت عێراق بخزێته نێو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه".
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێز، سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان گفتوگۆیان لەبارەی دۆخى ئه‌مني و سياسيى عێراق و ئاڵنگارى و مه‌ترسييه‌كانى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه كرد.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "هه‌ردوولا هاوڕا بوون لەوەی ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ناوچه‌كه گرنگه و ده‌بێ ئاساييش و سه‌روه‌ريى عێراق پارێزراو بێت و رێگه نه‌درێت عێراق بخزێته نێو ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌وه".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، نێچيرڤان بارزانى ستايشى ئاماده‌يى و رۆڵى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد. هاوکات، ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێز سوپاسى رۆڵى ئه‌رێنيى نێچيرڤان بارزانى له پرۆسه‌ى سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى گفتوگۆى نێوان هەولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پێويستيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی هه‌رێمى كوردستان له نزيكترين كاتى گونجاو‌دا بەشێکی تری گفتوگۆکانی نێوانیان بوو.
جەنگی غەززە و هاوکاری وڵاتان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە
جەنگی غەززە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی 60ـەمی میونشنە و و هەوڵی ئەوە دەدرێت جەنگەکە نەبێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پەیوەست بەم پرسە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر تیشکی خستە سەر پێویستی هاوکاری وڵاتان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له كۆنفرانسى ميونشن، له‌گه‌ڵ شێخ محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، سه‌رۆكوه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبووه‌وه.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر بیروڕایان لەبارەی دوايين پێشهاته ئه‌منييه‌كانى ناوچه‌كه، جەنگی غه‌ززه و دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست گۆڕييه‌وه و "جه‌ختيان له پێويستيى هاوكاريى وڵاتانى ناوچه‌كه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى كرده‌وه".
بەئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی سێناتی ئەمەریکا بەئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە عێراقیان خستە بەر باس و دووپاتیان لەوە کردەوە کە دەبێت رێگه نه‌درێت گرووپه چه‌كداره‌كان ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سه‌روه‌ريى وڵات بخه‌نه مه‌ترسييه‌وه.
دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، له پەراوێزی كۆنفرانسى ميونشن، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى سێناتى ئه‌مه‌ريكا به سه‌رۆكايه‌تيى سيناتۆر دۆن سوڵيڤان، له‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لەو کۆبوونەوەیەدا هه‌ردوولا داكۆكييان له بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا و عێراق له چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى ستراتيژيى نێوانيان كرد و به‌ئامانجگرتنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عێراق و كاردانه‌وه ئه‌منى و سه‌ربازييه‌كانی پەیوەست بەو پرسەیان تاوتوێکرد".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێويسته ئاساييش و سه‌لامه‌تيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و نێرده ديپلۆماسييه‌كان له عێراق پارێزراو بێت و رێگه نه‌درێت گرووپه چه‌كداره‌كان ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سه‌روه‌ريى وڵات بخه‌نه مه‌ترسييه‌وه.
شانده‌كه‌ی سێناتى ئه‌مه‌ريكا به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش و هه‌ڕه‌شه ئه‌منييه‌كانیان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتكرده‌وه و په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌يان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا.
پێویستە عێراق خۆی لە ئاڵۆزییەکان "بەدوور بگرێت"
پێنجەمین کۆبوونەوەی رۆژی هەینی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی بەریتانیا بوو و تێیدا جەختکرایەوە کە نابێ رێگە بە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکانی غەززە بدرێت و بە پێویستیان زانی عێراق خۆی لەو ئاڵۆزییانە بەدوور بگرێت.
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ گرانت شاپس، وه‌زيرى به‌رگريى به‌ريتانيا، دۆخى ئه‌منيى عێراق، جەنگ له غه‌ززه و كاريگه‌رييه‌كانى لەسەر دۆخى ناوچه‌كه، به‌تايبه‌تى عێراقیان تاوتویکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هه‌ردوولا جه‌ختيان كرده‌وه کە ده‌بێ رێگه نه‌درێت ئاڵۆزييه‌كان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه ته‌شه‌نه بكه‌ن و هاوڕا بوون كه پێويسته عێراق خۆى له پشێوى و ئاڵۆزييه‌كان به‌دوور بگرێت. هاوکات، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانينى بۆ يارمه‌تى و پشتگيريى به‌ريتانيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و شه‌ڕى دژى داعش ده‌ربڕى و جه‌ختى له بره‌ودان به هاريكاريى هاوبه‌ش كرده‌وه"، ئەوە وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا
هەر رۆژی هەینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە گفتوگۆ کرا.
ئێوارەی رۆژی هەینی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە میونشن له‌گه‌ڵ هاكان فيدان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا "هه‌ردوولا جه‌ختيان له پاراستنى ئاساييش و سه‌قامگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئاساييش و ئاراميى هه‌ردوو وڵات".
لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیادا گفتوگۆ لەبارەی "دوايين هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان کرا".
"ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق"
سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن، ئێوارەی رۆژی هەینی لەگەڵ سيمتجى موله‌ر، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كارو‌بارى به‌رگرى كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له رۆڵ و به‌شداريى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا له هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا کرا و دووپات لە هاوكارى و پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان کرایەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، "نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌ڵمانيا دووپات كرده‌وه بۆ به‌رده‌واميى ئه‌ركى هێزه‌كانى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ستايشى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ يارمه‌تيدان و پشتيوانى له پێشمه‌رگه و پڕۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى كارو‌بارى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه".
هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان
هەر رۆژی هەینی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كارو‌بارى ده‌ره‌وه كۆبووەوە و لەبارەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال گفتوگۆ کرا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پابەندیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەڵبژاردن دووپاتکردەوە.
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن، لەگەڵ تۆبياس ليندنه‌ر، وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كارو‌بارى ده‌ره‌وه کۆبوویەوە و لەو دیدارەدا ليندنه‌ر رایگەیاند، "ئه‌ڵمانيا به گرنگييه‌كى زۆره‌وه له دۆخى عێراق ده‌ڕوانێت و له پشتيوانيكردنى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت"، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، "نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ يارمه‌تى و پشتيوانيى به‌رده‌وامى ئه‌ڵمانيا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و رۆڵى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش به‌زر نرخاند".
لە کۆبوونەوەکەدا داكۆكی له باشكردنى دۆخى شنگال کرایەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "نێچيرڤان بارزانى دووپاتیکردەوە، جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال، يارمه‌تيى ئێزدييان ده‌دات بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ شنگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى".
دۆخى نێوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی و تۆبياس ليندنه‌ر بوو. لەمبارەیەوە سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده به‌وه‌ى له زووترين كاتى گونجاو‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی نەمسا دەکرێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مساش لەبارەی په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆيان كرد و وەزیری دەرەوەی نەمسا بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد.
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه. ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا تێڕوانينى خۆيان لەبارەی مه‌ترسييه‌كانى دۆخى ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و پێشهاته‌كانى شه‌ڕ له غه‌ززه و هه‌ڕه‌شەکانی به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانى ژيانه‌وه خسته‌ڕوو".
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەلێکساندەر شاڵنبێرگ دووپاتى كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و به فه‌رمى نێچيرڤان بارزانى بانگهێشت كرد بۆ نه‌مسا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاس و پێزانينى بۆ په‌يوه‌نديى له‌مێژينەی دۆستانه و پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى نه‌مسا بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هيواى خواست ئاستى په‌يوه‌ندييه‌كانيان له هه‌موو بواره‌كاندا فراوانتر ببێت".
''هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێکانی''
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە میونشن ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و گوتی، "هەرێمی کوردستان تائێستا هەڕەشە نەبووە و نابێتە سەرچاوەی کێشە و هەڕەشەش بۆ سەر هیچ یەک لە لایەنەکان".
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئێستا ئاڵنگاریی زۆر لە بەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن و لەم دۆخە ئاڵۆزەی کە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان هاریکاری هەموو هەوڵە جیهانی و ناوچەییەکان دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
رۆژی پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی دیدارێکی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبوو. دڵشاد شەهاب لەوبارەوە دەڵێت، ''دیدارێکی ئەرێنی بوو، تێیدا باسی ئەو هەنگاوانە کرا کە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی بودجە، نەوت و زۆر پرسی دیکە پێویستن؛ تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوبارەوە هاوشێوە بوون.''
February 17, 2024