زایەڵە - له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونخ كه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا كۆبونه‌وه‌.
 
به‌پێی نوسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ڕۆژی هه‌ینی به‌ڕێوه‌چووه‌، كامالا هاریس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سودانی باسیان له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غدا و واشنتن كردوه‌و جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا كردوه‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌ ئه‌ركی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش.
 
به‌پێی نوسینگه‌كه‌ی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی عێراق كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی خاكی عێراق و وتویه‌تی: پرسی سه‌روه‌ری یه‌كێكه‌ له‌و بنه‌مایانه‌ی سازشی له‌سه‌ر ناكرێت له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا بێت.
 
له‌ به‌رامبه‌ریشدا، كامالا هاریس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، سڵاوی جۆ بایدن، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی به‌ سودانی گه‌یاندوه‌و په‌رۆشیی واشنتنی ده‌ربڕیوه‌ بۆ سه‌رخستنی حكومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ری ئاڵنگارییه‌كانی ئێستاو وتویه‌تی: حكومه‌تی عێراق سه‌لماندویه‌تی كه‌ توانای ئه‌نجامدانی شه‌راكه‌تی سه‌ركه‌وتووی هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌قامگیریی بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ش لێ بكه‌وێته‌وه‌.