زایەڵە - ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بایكۆتیان نه‌شكاندووه‌ و بۆ شكاندنی‌ چاوه‌ڕێی‌ دادگای فیدڕاڵی ده‌كه‌ن.

مامۆستا یاسین عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی تایبه‌ت به‌وێستگه‌ نیوزی وت كه‌ "ئێمه‌ بایكۆتمان نه‌شكاندووه‌ و وه‌ك ئه‌نجومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی ڕانیه‌ و پشده‌ر و كۆیه‌ به‌رده‌وامین".

وتیشی‌: "چاوه‌ڕێی دادگای فیدڕاڵی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی دادگای فیدڕاڵی باشبێ بڕیارێكی دروستده‌ده‌ین و ئه‌گه‌ر نا به‌رده‌وام ده‌بین".

بڕیاره‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 21ی‌ شوبات دادگای فیدراڵی تاووتوێی سكاڵایه‌ك له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بكات كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌باره‌ی جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی ژماره‌ 13ـی ساڵی 2023 و پابه‌ندكردنی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیران به‌ پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، هاوشێوه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئومێد تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ئێستادا هه‌موو قوتابخانه‌كانی رانیه‌ و حاجیاوا و چوارقوڕنه‌ كراونه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی ڕانیه‌ ده‌ڵێت: "هیچ قوتابخانه‌یه‌ك نییه‌ ده‌وامی تێدانه‌بێ".

راشیگه‌یاند كه‌ "سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌ییه‌كان پۆلی 10و11و12 ده‌وام ده‌كه‌ن و ته‌واوی باخچه‌كانی‌ سنووره‌كه‌ ده‌وام ده‌كه‌ن".