زایەڵە - وەزیری بازرگانی هەرێم ڕێکارەکانی ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور دەداتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزیری بازرگانی عێراقیش دەڵێت، نرخی گۆشت و هێلکە لە جیهاندا بەرزبووەتەوە.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق لە سلێمانی ڕایگەیاند، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتیان کرد بۆ دواداچوونی کۆسپەکانی بەردەم کارەکانیان و خستنەڕووی داواکارییەکان بۆ زیادکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت.

وەزیری بازرگانی هەرێم سەبارەت بە پرسی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور ڕایگەیاند، لەو بارەیەوە نووسراویان ئاڕاستە ئەنجومەنی وەزیران کردووە و تێیدا هۆکار و چۆنێتی ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتیان خستووەتە ڕوو.

لای خۆشیەوە، ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، نرخی گۆشت و هێلکە لە جیهانیشدا بەرزبووەتەوە و داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگرێتە بەر.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بەشەخۆراکی مانگانە کرد و دڵنیایی دایە هاووڵاتییان بەوەی کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی پڕن لە خۆراک، نەک تەنها بۆ چەند مانگی داهاتوو، بەڵکو بۆ وەرزی داهاتووش.

راشیگەیاند، لە مانگی ڕەمەزاندا چوار ماددەی دیکە بۆ بەشەخۆراک زیاد دەکرێت و جەختیشی لە باشی کوالیتی ئەو ماددانە کردەوە کە دەدرێتە هاووڵاتییان.

هێرش نامیق