زایەڵە - ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە "گۆشەگیر" وەسف کردوە لە میانی کۆبونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی گروپی G20، کە لە دو ڕۆژی ڕابردودا لە برازیل بەڕێوەچو.
دژایەتی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە لە میانی کۆبونەوەکانی ڕیۆ دی جانیرۆدا ڕوبەڕوی جارێكی دیكه ڕەخنە بوەوە، ماورۆ ڤیێرا وەزیری دەرەوەی بڕازیل کە ئەمساڵ وڵاتەکەی میوانداری کۆبونەوەی ساڵانەی گروپی G20 دەکات، بە سهركۆنهكردنی "ئیفلیجی" لە ئهنجومهنی ئاسایش نەتەوە یەکگرتوەکاندا کۆبونەوەکەی دەستپێکرد.
لە کاتێکدا ئەمریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڤیتۆی لەسەر بڕیارنامەی سێیەمی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە کرد، وەزیری دەرەوەی بڕازیل ئاماژەی بەوەدا، کە "ئەم حاڵەتە بێکردەوەیە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی بێتاوانەکان".
وەزیرانی دەرەوە لە کۆبونەوەکەدا کە لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا پێکهاتبون، لە دانیشتنێکدا کە بەڕوی میدیاکاندا داخراوە، بۆچونەکانیان سەبارەت بە پرسە جیاجیاکانی جیۆپۆلیتیکی خستەڕو بۆ ئەوەی بەرپرسان بتوانن ڕاشکاوانەتر بۆچونی خۆیان دەرببڕن.