زایەڵە - لیژنەی گواستنەوەو پەیوەندیەكانی پەرلەمانی عێراق, سەركەوتوو بووە لە هەڵگرتنی سزاكانی توركیا لەسەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی, بەهەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزی ئەنكەرە لە بەغداد.
كاروان یاروەیس, ئەندامی لیژنەكە رایگەیاندووە: لیژنەكەیان دوای كۆبونەوەیەكی فراوان لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لە بەغداد, لەمیانی سەردانێكی مەیدانیدا بۆ بەسرەو بەدیاریكراوی بۆ بەندەری فاو, سەركەوتوو بووە لە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی توركیا سەپاندویەتی بەسەر فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا.
پێشتر لیژنەكە لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوە لە هۆكارەكانی سەپاندنی سزاكان و دەركەوتووە هیچ كێشەیەكی هونەری و ئیداری نەبووە پێویست بە سەپاندنی ئەو سزایە بكات, جگە لەوەی سزایەكی سیاسی پوخت بووە.
هەڵگرتنی سزاكان رایەڵەی پەیوەندی نێوان عێراق و توركیا بەهێزدەكات, ئومێد دەكرێت لەئایندەیەكی نزیكدا گەشتی ئاسمانی لە توركیاوە بۆ فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستپێبكاتەوە.
كاروان یاروەیس, ئاماژەی بەوەشكردووە: لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دواین بەرەوپێشچونە بەدیهاتووەكانی پەیوەست بە پرۆژەی رێگای پەرەپێدان و بەهێزكردنی رۆڵی توركیا لە پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە.
کامەران کەریم