زایەڵە - کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە و خێرایی با چالاکتر دەبێت. هەر بەهۆی رەشەباشەوە، لە قوتابخانەیەکی ناحیەی قەسرێی و سەر بە چۆمان دەوام راگیرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لەگەڵ بوونی رەشەبا تاوەکو کاتەکانی ئێوارە و لە هەندێک ناوچەکانی هەرێم بەتایبەتی لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خێرایی با لە ناوچەکانی رەشەبا لەنێوان ٢٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و لە هەندێک کاتدا چالاکتر دەبێت بۆ سەرووی ٤٠ کیلۆمەتر.

دەشڵێت، پلەکانی گەرما بە نزیکەی ٤ بۆ ٦ پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە.

ئەوەش هاتووە، سبەی سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت بۆ هەوری تەواو بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا و پلەکانی گەرما بە ١ بۆ ٢ پلە بەرز دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ و خێرایی با لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.

هەر بەهۆی رەشەباشەوە، قوتابخانەی قەسرێی بنەڕەتی تێکەڵاو لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، "بەهۆی هەڵکردنی بای بەهێز و وشک و ساردەوە دەواممان راگرت."


بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : ١٤

سلێمانی :١٠

دهۆک : ١٣

زاخۆ : ١٤

هەڵەبجە :١١

کەرکوک :١٧

سۆران :٩

حاجی ئۆمەران :٣-

گەرمیان :١٥