زایەڵە - وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دوایین ئاماری دابەشکردنی نەوتی سپیی هەرێم و عێراقی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو رۆژی 27ی شوباتی 2024 زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی حکومەتی هەرێم بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکراوە و لەو بڕەش لە هەولێر 98 ملیۆن، سلێمانی و هەڵەبجە 102 ملیۆن و دهۆکیش 52 ملیۆن لیتریان پێدراوە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 251 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حکومەتی هەرێم سوودمەندبوون کە دەکاتە 97٪ی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێم.

سەبارەت بە نەوتی سپیی حکومەتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، وەزارەتی نەوتی عێراق تاوەکو رۆژی 28ی شوباتی 2024 زیاتر لە 40 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم ناردووە و لە هەولێر نزیکەی 16 ملیۆن، سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی 17 ملیۆن و دهۆکیش نزیکەی هەشت ملیۆن لیتریان بەسەردا دابەشکراوە.

دەشڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 289 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپیی حکومەتی عێراق سوودمەندبوون.

کامەران کەریم