زایەڵە - ئازاد ئیبراهیم ئەحمدنوسەرو ڕۆژنامەنوس بەزایەڵەی ڕاگەیاند،زۆر کەس و هێزی سیاسی پێیوایە لەم هەڵبژاردنەی مانگی شەشدا ئەستێرەی بەختیان دەگەشێتەوە  و خۆری رۆژگارێکی نوێ هەڵدێت و حوکمڕانی لە پێکهاتە و فۆرمە کۆنەکەیدا، بۆ هەمیشە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەم بۆچوونە نەک راست نایپێکێت، بەڵکو تیژپەڕی و لێنەزانینی سیاسییە.ئەو دەنگە گەشبینی و خۆشخەیاڵەی کە ئێستا تەپڵی کۆتاییەکی 30 ساڵەی حزبە گەورەکانی هەرێم دەکوتێت، دوای هەڵبژاردن ئەگەر رێژەی دەنگەکانی خۆیانیان بەدڵ نەبێت، جگە لە چەند بیانوویەکی لاواز و بێبنەما، شتێکی نوێیان نابێت بۆ وتن.

وتیشی، لە زۆنی سلێمانیدا، هەندێک کەس تا چرکەساتی هەڵبژاردن، دێڕی جوان بۆ کردەی دیموکراسیانەی هەڵبژاردن دەهۆننەوە، بەڵام دوای ئەوە چەندان پلە پێچەوانە سەوڵ لێدەدەن و بەرگەی دۆخێکی وەها ناگرن کە دیموکراسی دەیخوڵقێنێت.بۆچوونم وایە، ئەمە مێژوو و تۆمارە، چوار مانگی دیکە هەموو ئەو روخسارانەی بە ناوی (نوێ) دێنە مەیدان، هەر ئەودەم کۆن دەبن و بەسەر دەچن، چرکەساتی هەڵبژاردن، چرکەساتی کۆتاییان دەبێت و دوای هەڵبژاردنیش وەک ئەمڕۆ دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم هەڵبژاردنەدادەردەکەوێت هێزە نوێیەکان هێزی ئەزموون و کردەی دیموکراسی نابن،چونکە لەباری واقیعدا دەکرێت جۆگەکان چەندان قومەئاو بە راڕەوی دیکەدا ببەن، بەڵام دواجار هەرسەرچاوەکە گرنگە و هێزی گەورەی مانەوە و بەردەوامی، لە سەرچاوەوەیە.هێشتا زووە هەر حزبێک بە کۆن و نوێوە!، شایی و لۆغانێ بۆ رۆژی هەڵبژاردن بگێڕن، بەڵام حزبی دیموکراسیخواز و تێپەڕبوو بەناو ئەمجۆرە پڕۆسانەدا، ناترسێت و بە رۆژی خۆی دەزانێت.

کامەران کەریم