زایەڵە - سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ ئەندامان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور و هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو، داواشمان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ کردووە کە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئاسانکاری هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵات. 

شێخ مصطفی شێخ عبدالرحمن سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد :"پێشنیارمان کردووە گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ هەڵبگیرێت و رێگری بكرێت له‌ هه‌نارده‌كردنی ئاژه‌ڵی خۆماڵی بۆ بازاڕه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق"

سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئەوشی خستە ڕوو:"بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بەشێکی پەیوەستە بەبەرزبونەوەی نرخەکەی لە جیهاندا و بەشێکیشی پەیوەستە به‌وه‌ی ئێران هەناردکردنی ئاژه‌ڵی له‌ رێگەی سنورەکانیەوە قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ چ ڕاستەوخۆبێت یان تڕانزێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نرخی گۆشت له‌ بازاڕه‌كانی عێراق له‌ 25 هه‌زار دینار زیاتره‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش‌ 20 هه‌زار دینارە"

سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا : " جێی دەستخۆشیە وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ چەند پێشنیارێكیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئاسانكاریی ته‌واویان بۆ هاوردەکاران كردووە، ئه‌وه‌یش له‌ رێگەی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و ماوه‌ی هاورده‌كردن به‌پێی مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كان، پشتیوان بە خوای گەورە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەکەی دەبینین."