زایەڵە - وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرایكرد كه‌ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لیژنەی باڵای ئاسایشی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پێکهێناوه‌و لیژنه‌كه‌ چه‌ند ئه‌ركێك راده‌په‌ڕێنێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی: بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێکهات و دادوەرێكی عێراقیش به‌ناوی "عامر موسا حسێنی" ئەندام و نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە لە لیژنەکەدا.

 به‌وته‌ی جومانه‌ غه‌ڵای، کاری لیژنەکە بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک، پاراستنی ئۆفیسی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و تۆمارکردن و کۆگاکان و ناوەندی دەنگدان و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی دەنگدەرو پاراستنی کۆگا و کەرەستەکانی هەڵبژاردن لە نێو کۆگاکاندا لەگەڵ بابەتی گواستنەوەی ئامێر و فۆرم و کەرەستەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدای رۆژی 3ی‌ ئازاری 2024، نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان فه‌رمانی‌ هه‌رێمی بۆ دیاریكردنی‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان واژۆ كرد، کە رۆژی‌ 10-6-2024ە.

لە دوو مانگی رابردووشدا زیاتر لە 81 هەزار كەس كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان بۆ گەڕ‌‌‌‌اوەتەوە و زیاتر لە 76 هەزار كەسیش بۆ یەكەمجار داوای كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان كردووە.