زایەڵە - لە دەریاچەی دەربەندیخان و گوندەکانی ئەو سنوورە تیمێکی پۆلیسی دارستان هاوڵاتیان لە قەدەغەی راوەماسی هۆشیاردەکرێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پێناو پاراستنی سامانی ماسی و رێگریکردن لە راوکردنی، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی شارەزوور بە فەرمانی ئەفسەری بەش و بە هاوبەشیی بنکەی پۆلیسی دارستانی زەڕایەن دەرچوون بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان و گوندەکانی ئەو سنوورە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیدا هاتووە، مەبەست لەو دەرچوونە مەیدانییە بڵاوکردنەوە و پێدانی رێنمایی بوو بە راوچی و هاوڵاتییان تا لە ماوەی قەدەغەی راوی ماسی پابەندی رێنماییەکان بن و خۆیان بە دوور بگرن لە راوکردنی ماسی بە هەموو شێوەیەك.
لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە 5 ی ئازارەوە قەدەغەی راوەماسی دەستیپێکردووە و تاوەکو 15ی حوزەیران بەردەوامدەبێت.
بڕیارەکە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە بەنداوی موسڵ دەگرێتەوە.
کامەران کەریم