زایەڵە - سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، بەشداریکرد لەو ئاهەنگەی ئەنجومەنی نوێنەران سازیکردبوو بەبۆنەی ساڵیادی سەدەی یەکەمیەوە لەژێر دروشمی ( ژیانی پەرلەمانی.. خواستی گەل) .
لە میانەی ئاهەنگەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 10-3-2024، بەڕێوەچوو سەرۆک کۆمار وتەیەکی پێشکەش کرد کەتیایدا ستایشی بۆنەکەی کرد کە مێژووی قۆناغێکی دامەزراندنی دەگێڕێتەوە و شانازی بە کەلەپووری سیاسی گەورەی عێراق دەبەخشێت و ئاماژەی بەوەدا کە هەرکەسێک لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی عێراق بڕوانێت، بۆی دەردەکەوێت لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە دیموکراسی ترین و پێشکەوتوترین بنەماکانی دەستوورییان دامەزراندووە لەو کاتەدا .
هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشکرد کەعێراق قۆناغی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی تێپەڕاندوە، دوای ئەوەی گەل نادادپەروەری دیکتاتۆریان ڕەتکردەوە و لە چەند ڕاپەڕینێکدا ڕەتکردنەوەی ئەو ستەمکارییەیان دەربڕی، کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و لەناوبردن بوونەوە هەتا ئەو کاتەی خاکی عێراق پڕبوو لەتەرمی شەهیدان، کە لە ئەنجامدا سیستمێکی دیموکراسی بەرجەستە بوو لە دەستووری ساڵی 2005 دا .
سەرۆک کۆمار داوای تەواوکردنی دامەزراوەکانی کرد کە لە دەستووردا دیاریکراون، کە گرنگترینیان ئەنجومەنی فیدراڵییە، هەروەها پەلەکردن لەهەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ داڕشتنی ئەو یاسایانەی کە خزمەتی وڵات و هاوڵاتیان دەکات.