زایەڵە - پێنج سەرچاوە لە شیعەکانى عێراق باس لە پێنج نامەی نهێنى و تایبەتى نوری مالیکی دەکەن کە ناردوویەتى بۆ موقتەدا سەدر و تیایاندا دواى لێکردووە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانى سیاسی و بەشداری هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بکات.

بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق پلانێکى پێشوەختەى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق داناوە و بەشێکى پەیوەندى بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانەوە هەیە و تا ئێستاش وردەکاریی پلانەکەى بۆ هیچ لایەک ئاشکرا نەکردووە بە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیشەوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە تائێستا موقتەدا هیچ جوڵەیەکی نەکردووە و لەبارەى نامەکانیشەوە هیچ زانیارییەکى نەدرکاندووە، بەگوێرەى وتەى سەرچاوەکانى رۆژنامەکە موقتەدا سەرقاڵی کێشەى فەڵەستین و جەنگی غەزە و ئیسرائیلە و هاوکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانى غەزە کۆدەکاتەوە.