زایەڵە ـ رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاوی کردەوە،سەرچاوە عێراقی و توركیەكان دەڵێن, هەردوو وڵات نزیك لە رێككەوتن لەبارەی دروستكردنی "ناوچەیەكی دابڕاو", لەمیانی ئەو پرۆسە سەربازییەی ئەنكەرە دەیەوێت ئەنجامیبدات بۆ لەناوبردنی پارتی كرێكاران, هاوكات قسەش لەبارەی رێككەوتنێك دەكرێت لەبارەی "ئاو و وزە"بەوپێیەی بەشێكن لە گفتوگۆكانی نێوانیان.
لە گفتوگۆ ئەمنیەكاندا لەبارەی پرۆسە سەربازییەكەی, كە توركیا بەنیازە دژی پارتی كرێكاران ئەنجامبیدات, باس لەوەكراوە, ئەو ناوچانەی بنكە سەربازییەكانی توركیای تیادایە لە هەرێمی كوردستان بكرێتە" پشتێنەیەكی ئەمنی", كە تەواوی ئەو ناوچانە بگرێتەوە, پارتی كرێكاران تیایدا چالاكە, بە شاخی قەندیلیشەوە.
ئەنكەرە دەیەوێت ئەو ناوچەیە بە قوڵی (30_40) كیلۆمەتر بێت, هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا ئەنجامیدەدات, بۆ بچڕاندنی پەیوەندی لەنێوان پارتی كرێكاران لە عێراق و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە باكوری سوریا.
توركیا چاوی لەوەیە, پرۆسەیەكی سەربازی فراوان بە پشتیوانی هەولێرو رۆڵی هەواڵگری بەغدادو هەروەها حەشدی شەعبیش, دژی پارتی كرێكاران ئەنجامبدات, هاوكات دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكانیش, رێوشوێنی ئەمینی توند لە هەردوو ناوچەی سلێمانی و شەنگال بگرنەبەر.
بەرپرسە عێراقیەكان رەتیانكردووەتەوە هیچ قسەیەك لەسەر ئەو زانیارییانە بكەن, بەڵام سەركردەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە: عێراق و ئەنكەرە گەیشتووەنەتە بڕوایەكی هاوبەش, لەبارەی مەترسیەكانی پارتی كرێكاران, توركەكان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی, بەردەوامی چالاكییەكانی ئەو حزبە, رێگە لە دروستكردنی رێگای گەشەپێدان دەگرێت.
کامەران کەریم