زایەڵە - كەشناسیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاستی باران زیاتر دەبێت و بۆ سبەیش بۆ كاتەكانی نیوەڕۆ، تەواوی ناوچەكان دەگرێتەوە. بڕی دابارین لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان زیاتر دەبێت.
 
 كەشناسیی هەرێمی كوردستان، پێشبینیی خۆی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو كردەوە، بۆ ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم، لەگەڵ نمەباران لە زۆربەی ناوچەكاندا، لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەریی دابارین زیاد دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان و پارێزگای دهۆك. 
كەشناسی بۆ سبەی پێشبینی كردووە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بەردەوامی نمەباران لە كاتەكانی بەیانیدا، پاشان كەشەكە بۆ تاوەباران و بروسكە دەگۆڕێت، سەرەتا لە ناوچەكانی رۆژئاوای هەرێم و پاشان بۆ كاتەكانی نیوەڕۆ تەواوی ناوچەكان دەگرێتەوە.
ئەوەیش روون كراوەتەوە، سبەی بڕی دابارین لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان زیاتر دەبێت. كاریگەریی ئەم شەپۆلە تا كاتەكانی درەنگانی شەو بەشێوەی جیاجیا، بەلاوازی بەردەوامی دەبێت بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری رۆژهەڵات.
کامەران کەریم