زایەڵە ـ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی پرسی مووچە وهەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا هاتووە،
حوكمڕانی خراپ و پڕ گەندەڵیی  و بێباكیی دەسەڵاتدارەكانی كارێكی كردووە كە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیران و گرفتەكان زیاتر و مەینەتییەكانی خەڵكیش زۆرتردەبن .

هەروها ئاماژەش بەوە کراوە کە زیاتر لە هەفتەیەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، پارەی پێویستی بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە، بەڵام بە بڕیارێكی چاوەڕوان نەکراولەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە دەستی بەسەرداگیراوە، لەكاتێكدا دەتوانێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی دابەشبكردایە .

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەبوو ئەم دەسەڵاتە ئەوەندە هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە كە لەم مانگی ڕەمەزاندا دەستی بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكدا نەگرتایە كە تاكە سەرچاوەی ژیانی ئەو موچەیە یە.

دەربارەی پرسی هەڵبژاردن و بەشداری کردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە
تایبەت بەپرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندایە و لەو كاتەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و،  داواکارن کە هیچ لەمپەرو ڕێگریەک نەخریتە بەردەم ئەنجام دانی پرۆسەكە .

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا باس لەوەشکراوە کە هەرجۆرە ئینكاریەک  کە وەستان بێ لەبەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فدراڵیی دا هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی قەیرانی زیاتردەکاتەوە و دوورنیە چوارچێوە دەستوری و یاساییەکەی هەرێم لەدەست  بدەین .