زایەڵە ـ خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئێوارەى رۆژى چوار شەممە 27ى ئازارى 2024 لەهۆڵى خاک لەشارى سلێمانی، لەگەڵ ژمارەیەک لەخانمانی راگەیاندنکار کۆبۆوە و دۆخی ژنان لەبوارى میدیا و شێوازی مامەڵەکردن لەدامەزراوەکاندا تاوتوێ کرا.
خاتوو شاناز رایگەیاند بەخۆشحاڵییەوە رێژەى ژنان لەدامەزراوە میدیاییەکاندا بەرەو زیادبوونەو ئێستا خانمانی رۆژنامەنووس دەرفەتی باشیان لەبەردەمدایە و توانیویانە بەربەستەكان بشكێنن و كاراكتەرێكی كارامە بن لە تێكڕای میدیا بیسترا و بینراو و نووسراوەكان، هەروەها لە بەدواداچوون و تۆماركردن و گواستنەوەی زانیارییەكان رۆڵێكی ئەرێنییان هەبێت.
خانمی یەکەمی عێراق وتیشی خانمە میدیاکارەکان چ بێژەر بن یان کارمەندی ناو دامەزراوەکە یاخود پەیامنێرەکان، پێویستیان بەوەیە کەپشتگیری و پشتیوانی بکرێن بەپاڵنەرێکی نیشتمانی تا سود لەتواناکانیان وەربگیرێت و ئەو کۆسپ و تەگەرانە وەلابنرێت کەرێگرە لەپێشکەوتنیان لەکایەى میدیاییدا، هاوکات کاربکرێت بۆ پێدانی رۆڵ و مافەکانیان شان بەشانی پیاوان لەدەزگا و دامەزراوەکاندا.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەوەشکردەوە کە خانمان لەبوارى میدیادا زۆر ماندوون و هەندێکیان رووبەرووى کێشە و گرفت دەبنەوە، دەبێ کاربکەین تا هاوکاریان بین و پشتگیری و پشتیوانیان بین، وتیشی ئێوە نوێنەرى دامەزراوەى میدیایی جیاجیان، بەڵام من بەچاوی جیاوازییەوە سەیرتان ناکەم و سەربەرزی و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێ، چونکە دەبێ ژنان پشت و پەناى یەکتر بن.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا خانمانی میدیاکار سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان خستەروو هاوکات تیشکیان خستەسەر ئەو گرفت و ئاستەنگانەى لەکارى رۆژانەیاندا رووبەرووى دەبنەوە و ئاماژەیان بەوەکرد لەرێى کارکردنەوە دەیانەوێ بیسەلمێنن کەتواناکانیان لەتواناى پیاوانی هاوپیشەیان کەمتر نییە، سەربارى ئەوەى ئەرکی دایکایەتی و خێزانیان لەئەستۆیە.
خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند بۆ کەمکردنەوەى بۆشایی نێوان پیاو و ژن لەکایەى میدیاییدا، پێویستە دامەزراوەیەکی هاوشێوەى رێکخراوەکانی ژنان پێک بێت کەخانمانی میدیاکاری هەموو دامەزراوەکانى راگەیاندن لەخۆ بگرێت بەجیاوازی ئایدۆلۆژیاوە، دامەزراوەیەک بێت بۆ کۆکردنەوە و داکۆکی کردن لەمافەکانی ژنانی راگەیاندنکاری نێو دەزگاکانی راگەیاندن.
دواتر خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خوانی بەربانگی لەگەڵ ژنانی راگەیاندنکار کردەوە و درێژەیان بەگفتوگۆکەیاندا تا ساتی ماڵئاوایی کردن و رێزلێنانیان بەگوڵ.
کامەران کەریم