زایەڵە - محەمەد مەلا مەحمود تاوگۆزی مامۆستای ئاینی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  گۆڕانکارریەکان جۆربەجۆرن، دیارترینیان ئەو جەنگ و جیهادەیە کە مسوڵمانانى غەزە لە بەرگرییەکى ڕەوادان لە ماف و بوون و سەرەوەرى و بیر وباوەڕى خۆیاندان و مێژوو و سەروەرى بۆ خۆیان تۆماردەکەن و ، جیهانى ڕۆژئاوا و دەسەڵاتە دروستکراوە عەرەبی وئیسلامییەکانیش لە بێشەرمى و بێدەنگى خۆیاندا شەرمەزارى تۆمار دەکەن، بەداخەوە جیهانى ڕۆژئاواو ئەوروپی و ئیسلامی ڕۆڵێکى نەرینی زۆر خراپى دووڕووانە و شەرمنانە دەگێڕن و نەیانتوانیوە بە ئەرکى مرۆیی و ئایینی خۆیان بگێڕن و بەڵکو بەو بێدەنگى و بێ هەڵوێستیەیان هاوکار و شەرعییەت دەرن بەوەى دەگوزەرێت.

وتیشی،بەداخەوە پشتیوانى و هاوکاریەکان لەسەر ئاستى تاکە کەسی و گروپی بچوک بچوک تێپەڕى نەکردووە و شتێکى ئەوتۆی گەورە و گرنگى وەها نییە مایەی دڵخۆشی گەلانى مسوڵمان بێت و هۆکارى هەستانەوە و تین و تاوى گەلی تێکۆشەرى فەلەستین بێت. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەى دەگوزەرێت تەنها و تەنها بوونى غەزەییەکان خۆیانە لەسەر ئەرزى واقیع و خۆیان خاوەنى هەر بەرگرى و سەرکەوتن وجوامێرییەکن. ئەرکەکەیش بەداخەوە ماوەتەوە لەسەر نزاى خێر و هاوسۆزبوون و لەوە زیاتر تێپەڕ ناکات. هەرچەند نزاىی خێریش بە کەم نازانین بەلام ئەرکەکەمان زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە.

هێمای بەوەشکرد،وەکو گوتم ئەرکەکان زۆر و فراوانن، بەڵام ئێمە وەکو مسوڵمان دەستمان پێڕاناگات و ڕێگرییەکان زۆرن و لە ئێستادا ئەوان تەنها ماونەتەوە، ئەرکى تاکەکەسیش بەرهەمێکى ئەوتۆی نییە و شتێکى وەهاى لێ شین نابێت بەداخەوە، مەگر تەنها وەک ئەزعەفولئیمان پێمان ناخۆشە و دوعاى خێرمان لەدەست دێ و هاوسۆز و خەمبارین بەوەى کە ڕوویداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتى هەرێم و لایەنە سیاسییەکان سیاسییانە و بەرژەوەندیخوازانە مامەڵە دەکەن ، دروستتر بڵێم لە ڕوانگەیەکى نەتەوەییانەوە لە قەزیەکە دەڕوانن ، نەک وەک ڕوانگەیەکى ئایینى و مرۆیی، بۆیە بەداخەوە هەڵوێستێکى جدى و شایستەمان نەدیوە و ئەمانیش وەک هەر ولاتێکى دیکەى دەوروبەرمان شتێکى ئەوتۆ و جیاوازیان نیشان نەداوە.

کامەران کەریم