زایەڵە ـ ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نوسەر و ڕۆژنامەنوس بە زایەڵەی ڕاگەیاند، هەموو ئەو وێنە و لێکەوتانەی کە هەندێک کەسی ناو تیکتۆک بەخشیوێتی بە کۆمەڵگە و بە ئاسانی جێگەی خۆیان لەسەر زاری تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگە گرتووە، پەیوەستە بە وشیاری خودی کۆمەڵگەکەوە، لە کۆمەڵگەی وشیار و رۆشنبیردا، ئەم کارەکتەرانەی ناو تیکتۆک هێندە کارەکتەری بەهێز و هەڵگری شوناسێکی جیهانی و گەورە نین، تاکو بەئاسانی ببنە ترێند.
کۆمەڵگەی کوردی، خراپترین هێزی بەرگری هەیە لە بەرامبەر ئەو وێنەدانەوەیەدا کە رۆژانە دەنگ و وشە و کارەکتەرە جیاوازەکانی ناو تیکتۆک، دەینێرن بۆ تاکی کوردی، چونکە خودی کۆمەڵگاکە ئاستی رۆشنبیری لەئاستی ئەوان بەرزتر و زۆرتر نییە، ئەمەش واتە بێهێزی و نادیاری شوناسی تیکتۆکچییەک لەناو بێهێزی و نادیاری شوناسی کۆمەڵگەکەیدا.
وتیشی،  بە مانایەکی دیکەش ئەوەی لە تیکتۆک زوو دەردەکەوێت لە کۆمەڵگەی وشیاردا زوو دەرناکەوێت و ئاسان نییە لە کەمترین ماوەدا بگاتە لوتکەی ناسین و بەناوی کۆمەڵگەیەکەوە قسەبکات و نێرەری پەیام و هەڵگری مانای نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگە و روخساری رۆشنبیرییانەی ئەو کۆمەڵگەیە بێت.بەزۆرینەیی تاکی کورد، چونکە کەمترین وشیارییمان هەیە، لەکەمترین ماوەدا هەموو ئەوانەی لە تیکۆکەوە دەردەکەون دەیانکەین بە کارەکتەر و خاوەن مادەی زۆر و دەیانکەین بە خاوەن ناسنامە و شوناس، بۆیە ئێستا کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگەیانەی مرۆڤەکانی ناو تیکتۆک وەک "هێزی نەرم" و شوناسەکەی دەردەخەن و هەر ئەوانیش هەڵگری زمانن و لەو رێگەیەوە قوڵایی توانا عەقڵی و رۆشنبیرییەکەی تاکی کورد کەشف دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر توانای هەر تاک و هاووڵاتییەک جگە لە چەند وشە و دەربڕینێکی تیکتۆکچییەکان هیچیتر نەبێت، ئەوا دوو مانای لێدەخوێنرێتەوە، یەکەمیان مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەی توانای بیرکردنەوە لەدەست دەدات و هەموو وشە و هاتنەگۆیەکیان دەبێتە موڵکی ئەوێکی دیکە کە هیچ سوودێکی گشتی نییە و لەتیکتۆکەوە قسە دەکات، دووەمیان،کۆمەڵگەیەکی بێبەرهەمی زانستی و کۆمەڵگەیەک دروست دەبێت کە دەتوانرێت لە روانگەی تیکتۆکچییەکانییەوە بناسرێتەوە و تەنانەت بجوڵێنرێتیش.
کامەران کەریم