زایەڵە ـ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەمجارەدا گومانیان لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر هەیە، بۆ ئەو مەبەستە تیمی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و لە دوای جەژن ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، روداوەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕە میلییەکانی شاری هەولێر ساڵانە دوباربوەتەوە، لە ئاگرکەوتنەوەی ئەمجارەی بازاڕی لەنگەش گومانیان هەیە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لیژنەی لێکۆڵینەوە بەدواداچون بۆ روداوەکە دەکات و تۆماری کامێرکانی چاودێری بەکاردەهێنن لە دوای تەواوبونی کارەکانیان، دەرئەنجامی هەمو روداوەکە بۆ رای گشتی رادەگەیەنرێت.
ئەوەشی خستەڕو، دەست بە بنیادنانەوەی بازاڕەکە دەکەن و کاسبکارانی ئەو شوێنەش هەر تێبنییەکیان هەبێت وەردەگیرێت، بۆ لەمەودواش کۆمپانیای ئەمنی چالاکی بۆ دادەنرێت و لە دوای جەژن پرۆسەی رێکخستنەوەی بازاڕەکە دەستپێدەکات.
کامەران کەریم